PM:01:59:30/01/2026
384 جار خوێندراوەتەوە
+
-
دادگای ناوبژیوانی
وەرزشی (CAS)
یونس عثمان على
وەرزش
بەشێوەیەکی گشتی لە ئـێستادا گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە بووەتە هۆی دروستبونیململانێ و دەرکەوتنی ناکۆکی کە لێیەوە
سەرهەڵدەدەن. ئەمەش پێویستی بە پەسەندکردنی شێوازێکی کاریگەر و خێرا هەیە بۆ
چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکیانە کە بەرژەوەندی لایەنە ناکۆکەکان لەبەرچاو بگرێ.
وە گومانی تێدا نییە گرێبەستە وەرزشییەکان
چەند تایبەتمەندیەکی هەیە کە جیای دەکاتەوە و جیاوازە لە گرێبەستە مەدەنی و
بازرگانییە جۆراوجۆرەکانی تر، سەرەڕای هەبوونی ڕێسای هاوبەش لە نێوان ئەم گرێبەستانەدا.
بۆیە چارەسەرکردنی ناکۆکی وەرزشی و ئەو کێشانەی کە لە گرێبەستە وەرزشییەکانەوە سەرهەڵدەدەن،
جگە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ناکۆکی وەرزشی، بێ گومان پێویستی بە دەسەڵاتێکی
دادوەری وەرزشی تایبەتمەند هەیە.
دادگای ناوبژیوانی وەرزشی Court of Arbitration for Sport کە بە (CAS)ناسراوە، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی
سەربەخۆیە و تایبەتمەندە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە وەرزش لە ڕێگەی
ناوبژیوانییەوە. دامەزراندنی CASلەلایەن خوان ئەنتۆنیۆ سامارانچ، سەرۆکی ئەوکاتی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC) پێشنیارکرابوو، بۆ مامەڵەکردن
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ناکۆکی لە جیهانی وەرزشدا و دابینکردنی مەکۆیەکی تایبەتمەند
بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکانی وەرزش. دادگای CAS لە ساڵی ١٩٨٤ بە فەرمی دامەزراوە
و خرایە ژێر ئیدارەی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC).
دادگای (CAS) بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری لۆزان لە سویسرایە و نووسینگەی لامەرکەزی
لە چەندین وڵاتی جیهاندا هەیە، دیارترینیان دوو ژووری لامەرکەزی هەمیشەیی کە یەکێکیان
لە سیدنی پایتەختی ئوسترالیا دامەزراوە و ئەوی دیکەیان لە نیویۆرک لە ئەمریکایە.
فیفا(FIFA) دان بە دادگای سەربەخۆی ناوبژیوانی وەرزشی (CAS) دادەنێت، وەک نێوەندگیرەکی بێلایەن و سەربەخۆ بۆ چارەسەرکردنی
ناکۆکییەکانی پەیوەست بە وەرزشەوە. (CAS)بەرپرسیارە لە پێدانی بڕیاری
پابەندکەر و ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ناوبژیوانی یان نێوەندگیرییەوە.
دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (CAS) دابەشکراوە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا:
١- بەشی ناوبژیوانی ئاسایی Ordinary Arbitration Division: ئەم بەشە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکی
وەرزشی دەکات کە بۆ یەکەمجار دەخرێنە بەردەم دادگا، وەک ناکۆکی بازرگانی -گرێبەستی
سپۆنسەری، مافی پەخشی تەلەفزیۆنی و ناکۆکی گرێبەستی نێوان یاریزانان و یانەکان ، ڕێککەوتنی
بازرگانی نێوان لایەنە وەرزشییەکان.
٢- بەشی ناوبژیوانی تانەڵێدان وپێداچونەوە Appeals Arbitration Division: ئەم بەشە پێداچوونەوە بە
تانەکان دەکات دژی بڕیارە کۆتاییەکان کە لەلایەن دەزگا وەرزشییەکانەوە (فیدراسیۆن
و یەکێتیە وەرزشیە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکان) دەرکراون.
٣- بەشی دژە بەکارهێنانی ماددە وزەبەخشەکان:
ئەم بەشە بڕیار لەسەر کەیسەکانی بەکارهێنانی ماددە وزەبەخشەکان وماددە هۆشبەرەکان
دەدات. ناوبژیوانانی پسپۆڕ لە کەیسەکانی ماددە هۆشبەرەکان پێکدێت و دەتوانرێت بڕیارەکانی
لە دادگای تایبەت لە شاری میواندار تانەی لێبدرێت.
کەواتە هەر ناکۆیەک هەبێت لە نێوان
فیفا و ئەندامەکانی، یەکێتیە وەرزشیەکانی کیشوەرەکان، خولەکان، یانەکان، یاریزانان،
بەرپرسان، بریکاری کارەکانی یاریزانان، بریکاری مۆڵەتپێدراوی پەخشکردنی یارییەکان،یەکلاییکردنەوەی یارییەکان،
و هەڵسوکەوتی نادروستی وەرزشی. ناکۆکی هەڵبژاردنی وەرزشی، پرسی ڕەگەزنامەی
یاریزانان و شایستەیی، و گرێبەستی گواستنەوە و قەرەبووکردنەوە لەم دادگایە یەکلایی
دەکرێتەوە.