مێرخاس دۆسکی باسی بارودۆخی هەڵبژاردەی عێراق دەکات

PM:01:21:23/11/2025

436 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میرخاس دۆسکی دوپاتیکردەوە متمانەیان بە خۆیان هەیە بگەنە مۆندیال و دەجەنگن لەپێناو بەدەستهێنانی جامی عەرەب.

میرخاس دۆسکی یاریزانی بە رەچەڵەک کوردی هەڵبژاردەی عێراق کە یاریی بۆ یانەی ڤیکتۆریا پلزن دەکات لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: بردنەوەیان لە ئیمارات وەسفنەکراو بوو.

میرخاس دەڵێت: ئێمە هەستمان بەوە کرد کە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین و بەڵێنمان دا هەموو هەوڵێکمان بدەین بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی عێراق و لەڕاستیدا ئەوە ڕوویدا و توانیمان لە کاتێکی گرنگدا سەرکەوتن بەدەست بهێنین.

دەشڵێت: هەمووان پێیان وایە چانسی ئێمە لە پلەی ئۆفی مۆندیال لە مانگی ئازاردا ئاسانە، بەڵام پێموایە ئەوەندە ئاسان نییە و هێشتا ئەرکێکی قورسمان لە پێشە، بەڵام متمانەمان بە توانای خۆمان هەیە کە هەموو هەوڵێکمان بۆ گەیشتنە بە مۆندیال.

میرخاس وتیشی: بوون لە مۆندیال بۆ خۆی دەستکەوتێکی باوەڕپێنەکراوە، بێگومان هیوادارین ڕووبەڕووی تیپە بەهێز و گەورەکان ببینەوە و بەرامبەر ئەفسانەی وەک ڕۆناڵدۆ و مێسی و مباپێ یاری بکەین، بۆ ئەوەی توانای تەکنیکی خۆمان پیشان بدەین.

دوپاتیشیکردەوە، پاڵەوانێتی جامی عەرەب زۆر قورس دەبێت بەهۆی بوونی تیپە بەهێزەکان، بەڵام ئەوەی هەمیشە دەیکەین ئەوەیە هەموو هەوڵێک بدەین و دەجەنگین بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، بێگومان بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانی عێراق.