PM:05:00:14/11/2021
3840 جار خوێندراوەتەوە
+
-
چەند هەڵبژاردەیەکی گەورەی ئەوروپا ترسیان لەوە هەیە نەتوانن سەرکەوتن بۆ
مۆندیال بەدەستبهێنن.
پاڵاوتنەکانی وڵاتانی ئەروپا بۆ مۆندیالی 2022 لە کۆتا جەولەدایە و تا
ئێستا تەنیا چوار هەڵبژاردە توانیویانە سەرکەوتن بۆ جامەکە مسۆگەر بکەن ئەوانێش
فەرەنسا و بەلجیکا و دانیمارک و ئەڵمانیان.
چەند هەڵبژاردەیەکی گەورەی کیشوەرەکە ترسیان لای هاندەرانیان درووستکردووە
کە نەتوانن سەربکەون بۆ کۆتاییەکانی مۆندیالی داهاتوو لە کۆتا جەولەی
پاڵاوتنەکاندا کە ئەوەش دەبێتە هۆی بێهیوابونێکی زۆر لای هاندەرانیان.
هەڵبژاردەی پورتوگال لە کۆتا جەولەی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر سربیا
یاریدەکات کە هەردوو هەڵبژاردەکە خاوەنی 17 خاڵن و پورتوگال لەو یاریەدا ئەگەر
شکست بهێنێت ئەوا دەبێت بچێتە پاشکۆی پاڵاوتنەکان و سەرکەوتنی راستەوخۆ
لەدەستدەدات.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە 15 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیدایە بە جیاوازی تەنیا
یەک خاڵ لەگەڵ سویدی دووەم و لە کۆتا جەولەشدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ئەگەر
ئیسپانیا شکست بهێنێت ئەوا سوید دەگاتە مۆندیال بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
لە کۆمەڵەی سێیەمیشدا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە 15 خاڵ لە پێشەنگدایە بە
جیاوازی گۆڵ لەگەڵ سویسرا، ئیتاڵیا لە کۆتا جەولەدا بەرامبەر ئیرلەندای باکوور
یاریدەکات و سویسراش میوانداری بولگاریا دەکات.
جیاوازی ئیتاڵیا و سویسرا تەنیا دوو گۆڵە، لەئەگەری بردنەوەی هەردوو
هەڵبژاردەکەدا ئەوا جیاوازی گۆڵ هەڵبژاردەی سەرکەوتویان بۆ مۆندیال یەکلادەکاتەوە
و ئیتاڵیاش ترسی ئەوەی هەیە نەتوانن ژامرەیەک گۆڵی زۆر تۆمار بکەن.
هەڵبژاردەی هۆڵەنداش بەهۆی هەڵە مامەڵە کردنی خۆیانەوە کەوتنە گێژاوی
گەیشتن یان نەگەیشتن بە مۆندیال دوای ئەوەی بە دوو گۆڵ لەگەڵ مۆنتینگرۆ یەکسانبوو.
لە کۆتا جەولەشدا بەرامبەر نەرویج ئەگەر شکست بهێنێت ئەوا ناتوانێت بگاتە مۆندیالی
داهاتوو، ئینگلتەراش بەرامبەر سان مارینۆ لە کۆتا جەولەدا پێویستی بە تەنیا خاڵێکە
چونکە تا ئێستا سەرکەوتنی مسۆگەر نەکردووە.
خ . ک