ڕیاڵ مەدرید میرکاتۆى داهاتوو دەستبەردارى هەشت یاریزانى دەبێت

PM:12:39:14/11/2021

2916 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕیاڵ مەدرید دەیەوێت لە گواستنەوەى زستانەدا دەستبەردارى هەشت یاریزانى بێت و بەیڵ و هازاردیش لە لیستەکەدان.

ڕۆژنامەى مۆندۆى کەتەلۆنى بڵاویکردووەتەوە، یانەى ڕیاڵ مەدرید لارى نییە لە ڕۆیشتنى هەشت یاریزانى یەدەگى یانەکەى و ئامادەیە لە ماوەى گواستنەوەى زستانەى یاریزاناندا دەرگاى ڕۆیشتنیان بەڕوودا بکاتەوە.

مۆندۆ ئاماژەى بەوەکردووە، گاریس بەیڵ و ئیدین هازارد دیارترینى یاریزانە پاڵێوراوەکانن بۆ بەجێهێشتنى یانە مەدریدیەکە لە کانونى دووەمى داهاتوودا.

باسى لەوەشکردووە، یاریزانەکانى تر بریتین لە ئیسکۆ ئەلارکۆن و ناچۆ فێرناندێز و لۆکا یوڤیچ و ماریانۆ دیاز و دانى سیبایۆس و خیسۆس فایخۆ، کە لە دەرەوەى پلانەکانى کارلۆ ئەنچیلۆتى ڕاهێنەرى یانەکەدان.

ڕوونیشی کردووەتەوە، گرێبەستەکانى بەیڵ و ئیسکۆ لە کۆتایى ئەم وەرزەدا کۆتاییان دێت و یانەکەش نیازى نوێکردنەوەى گرێبەستى بەیڵى نییە بەهۆى زۆرى موچەکەیەوە و ئیسکۆش لەلایەن یانەى یۆڤانتۆسەوە گرنگى پێدەدرێت.

گ . ف

Image