سێ یانەی گەورەی ئیتاڵیا دەیانەوێت دەیڤد بگوازنەوە

PM:02:47:18/05/2025

256 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دەیڤد رۆیشتنی لە لیل راگەیاندووە و ناپۆلی و ئینتەر میلان و یۆڤانتۆس هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.

جۆناسان دەیڤد دەتوانێت لەم هاوینە یانەی داهاتووی خۆی هەڵبژێرێت، چونکە بڕیاریداوە گرێبەستەکەی لەگەڵ لیل نوێ نەکاتەوە کە لە 30ی حوزەیران کۆتایی دێت، بەم شێوەیە دەرفەتی ئەوەی دەبێت وەک یاریزانێکی ئازاد بچێتە هەر یانەیەکی دیکە بە ویستی خۆی.

هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵانەکە تا ئێستا لەم وەرزەدا 48 یاری فەرمی لەگەڵ یانەی لیل ئەنجامداوە، 25 گۆڵی تۆمارکردووە و 12 ئەسیستیشی هەیە، پێشتر نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە یانەی ناپۆلییەوە بەڵام دانوستانەکان لەگەڵ یانەکەدا خاو بووەتەوە، ئەمەش بەشێکی زۆری بەهۆی داواکارییەکانی یاریزانەکە دەگەڕێتەوە.

هەروەها ئینتەرمیلانیش ئارەزووی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرەیان دەکرد، بەڵام ئێستا یۆڤانتۆسیش هاتۆتە نێو کێبڕکێکە، جیانلۆکا دی مارزیۆ، ڕۆژنامەنووسی دیاری سکای سپۆرت ئیتاڵیا دووپاتیکردەوە، کارگێڕانی یۆڤانتۆس دەستیان بە دانوستان لەگەڵ یاریزانەکە و دەوروبەرەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.

خانمە پیرەکە هەوڵی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبردنی دەدات، چونکە دوای تەواوبوونی گرێبەستە خواستنەکەی ڕاندال کۆلۆ موانی دەگەڕێتەوە پاریس سانجێرمان، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە دوسان ڤلاهۆڤیچ لەم هاوینەدا یانەکە جێدەهێڵیت.