بەرشەلۆنە و چەند یانەیەکی دیکە رکابەری بەدەستهێنانی سانێ دەکەن

AM:11:11:22/12/2024

132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە و چەند یانەیەکی دیکە رکابەری بەدەستهێنانی سانێ دەکەن و بایرن بە مەرجی کەمکردنەوەی موچەکەی گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە.

ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بڵاویکردەوە، سانێ چەند مانگێکە گفتوگۆی لەگەڵ کارگێڕی بایرن میونشن ئەنجامداوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

ڕۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یانە باڤارییەکە بیر لەوە دەکاتەوە دەستبەرداری ئەستێرە ئەڵمانییەکە بێت، ئەگەر یاریزانەکە ئامادە نەبێت کەمکردنەوەی بەرچاوی مووچەکەی قبوڵ بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە هەمان سەرچاوە دوپاتیکردووەتەوە، یانەی بەرشەلۆنە چاودێری ئەستێرە ئەڵمانییەکە دەکات، یانەکانی چێڵسی و تۆتنهام و مانچستەر یونایتدیش رکابەری دەکەن.

سانێ لە هاوینی 2020 بە بڕی 49 ملیۆن یۆرۆ لە مان سیتییەوە پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، لەم وەرزەشدا بە بەشداریکردن لە 19 یاری پێنج گۆڵ و یەک ئەسیستی تۆمار کردووە.

بیلال کاکە