PM:02:59:13/07/2024
2356 جار خوێندراوەتەوە
+
-
جامی یۆرۆ لە کۆتا ساتەکانیدایە و یەکێک
لە ئیسپانیا یان ئینگلتەرا دەبێتە براوەی نازناوەکە.
یەکشەممە لە کاتژمێر 10ی شەودا، هەردوو
هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا لە یاری کۆتایی جامی یۆرۆی 2024دا رووبەڕووی
یەکدەبنەوە لە یاریگای ئۆڵۆمپی بەرلین.
ئیسپانیا لەم جامەدا بە ئاستێکی بەرزەوە
بینراوە و سەرجەم یارییەکانی بە بردنەوە کۆتایی پێهێناوە کە شەش یاریە، جگە لەوەش
13 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنها سێ گۆڵی لێکراوە.
لە ئێستادا بە پێی زۆربەی پێشبینیەکان،
هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵێوراوی یەکەمە بۆ بوون بە پاڵەوانی جامی یۆرۆ بە پشت بەستن
بە ئەنجامەکان و ئاستبەرزیان لە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا.
ئەو هەڵبژاردەیە پشت بە تواناکانی چەندین
یاریزانی لاو دەبەستێت کە گرنگترینیان لامین یامال و نیکۆ ویلیامز و دانی ئۆلمۆن،
جگە لەوەش بوونی رۆدری و فابیان رۆیز لە هێڵی ناوەڕاست هێزێکی زۆری پێبەخشیوە.
لە بەرامبەردا، ئینگلتەرا لە کۆی ئەو شەش
یاریەی لەم پاڵەوانێتییە ئەنجامیداوە سێ بردنەوە و سێ یەکسانبوونی هەیە، حەوت
گۆڵیان تۆمارکردووە و چوار گۆڵیان لێ تۆمارکراوە.
ئینگلتەرا لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەوە بە
یەکێک لە هەڵبژاردە بەهێز و پاڵێوراوەکان دیاریکرا بەهۆی ئەوەی پێکهاتەیەکی بەهێزی
هەیە لە سەرەکی و یەدەگەکانیشدا.
ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە مێژووی جامی
یۆرۆدا تەنها دووجار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، لە یۆرۆی 1980 ئینگلتەرا بە ئەنجامی
دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە یۆرۆی 1996یشدا هەمان هەڵبژاردە
بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان براوە بووە.
لە ئێستادا هاندەران چاوەڕێی یاریەکی
بەهێز دەکەن لە نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیە، ئینگلتەرا دەیەوێت بۆ یەکەمین جار لە
مێژوویدا نازناوەکە بەدەستبهێنێت، ئیسپانیەکانیش ئامانجیان ئەوەیە نازناوی چوارەمی
جامی یۆرۆ بەدەستبهێنن و ببنە خاوەنی زۆرترین نازناو لە مێژووی پاڵەوانێتییەکە.
خ . ک