کەی هەڵەبجە لەبەغداد نەبووە؟!
PM:06:08:15/03/2025
628 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+
-
ئێوارانێکی درەنگ لەفرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد
دابەزین، دنیا تاریکی کردبوو، دەی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٥ بوو، واتە نزیکەی نۆ
مانگ بوو لەپەرلەمان بوین.
ئێمەی نوێنەرانی کوردی پارێزگای سلێمانی کاتێک کە
سەرکەوتینە ناو فرۆکەکە ئیتر تێکەڵی ئەندامانی ئەو وەفدەی هەڵەبجە بووین کە
دەهاتنە بەغداد بەمەبەستی دیداری کاربەدەستانی سیاسی و پەرلەمانی و حکومی
لەپایتەختی عیراق و گەیاندنی داواکاریەکانی هەڵەبجە.
لەوێنەکەوە: نوێنەرانی خەڵکی هەڵەبجە پێکهاتبوون
لەچین و توێژە جیاوازەکان وەک مامۆستای ئاینی، ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، قائیمقام،
سەرۆکی شارەوانی، نوێنەری منداڵانی ونبوو، بریندارانی چەکی کیمیایی، کەسایەتی
کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و گەنجانی شارەکە. وێنەکەیش لەناو فرۆکەخانەی بەغداد گیراوە.
مامۆستای حەقبێژ مەلا تایەری بامۆکی (
لەژیانداماوە، خوا سەلامەت و تەمەن درێژی بکات ) جگەلەوەی کەلەناو فرۆکەخانە
بەقسەخۆش و پرلەپەندو ئامۆژگاریەکانی کاتەکەی زۆر بۆ کورتتر کردینەوە، لەدوای
چێکین رووی تێکردم و وتی: رۆڵە عومر درێژ بیت ئاگام لەئیشەکانتە، وەک لەکۆنەوە
دەڵێن بەخوا پارەکەت حەڵاڵ کردوە، ئاخر مرۆڤ بەم جۆرە دۆعایانە هەر بەتەنها دڵخۆش
نابێت بەڵکو لەرووی مەعنەویشەوە زیاتر جۆش و خرۆشی دەداتێ و وزەی بەردەوامبوونی
تیا دەگەشێنێتەوە.
بەهەر حاڵ لەدوای گرتنی وێنەکە ئەوان بەرەو شوێنی
میوانداریان و ئێمەیش بەرەو شوقەکانمان کەوتینەڕێ.
ماوەی چەند رۆژێک لەبەغداد مانەوە، لەوێ سەرۆک
کۆمار، حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمان،
جێگری سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، محمد غەزبان وەزیری ناوخۆ
و زۆری تریان بینی.
کۆمەڵێک شوێن و دام و دەزگای دیکەیان بەسەرکردەوە،
لەگەڵ خۆیان هەگبەیەک لەداواکاریە بنەرەتیەکانیان دەخستە بەردەم مێزی دیدارەکانیان
لەگرنگترینیان( بەپارێزگاناساندنی هەڵەبجە، تەرخانکردن و خەرجکردنی بودجەیەک بۆ هەڵەبجە
لەبودجەی گشتی عیراق، کەیسی منداڵە ونبوەکان، ناردنەدەرەوەی بریندارانی
کیمیاباران، قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەڵەبجە بەپێی مادەی ١٣٢ ی دەستوور و
جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ١٦ی ساڵی ٢٠٠٩ و یاسای ژمارە ٢٠ ی ساڵی ٢٠١٠ی تایبەت
بەقەرەبووکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەبەدەستی ڕژێمی پێشوو خاپوورکراون... هتد
لەدوای
گەرانەوەی ئەو وەفدە، هەموو ساڵێک لەرۆژی ٣/١٦ بەچەندین شێوە و شێواز لەبەغداد
یادی کیمیابارانی هەڵەبجەمان دەکردەوە، چەندین وەفدی تر بەهەمان داواکاری و
بەبۆنەی تر دەهاتن، لەناو هۆڵی پەرلەمان خوا هەڵناگرێ بەشێک لەنوێنەرانی پارێزگا
سونیەکان و کەمێک زیاترلەمان لەنوێنەرانی بەسرە و نەجەف و کەربەلا و سەماوە جلی
رەشیان لەبەردەکرد و کەمێک فرمێسکیان دەڕشت و لەکاتی بەیاننامە ماتەمیەکەی ئێمەدا
بە پێوە دەوەستان.
ساڵی ٢٠١٩ سەرۆکی دەزگای شەهیدان و سەرۆکی دەزگای
زیندانیانی سیاسی عیراق میوانمان بوون لەهەڵبجە، کەلەگەڵ د.موسەنا ئەمین
هەرچوارمان لەزانکۆی هەڵەبجە پانێلمان ئەنجامداو بەچاوی خۆیان بارودۆخەکەیان بینی
و لەتێروانینەکانیان شتی زۆر جوانی تیابوو.
ساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە لەرۆژی یادەکەدا لەگەڵ
د.موسەنا بەفەرمی لەناو کۆشکی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆک وەزیران کازمی
پێشوازی کراین ولەوێ بەئامادەبوونی راوێژکار و یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران
داواکاریەکانی هەڵەبجە جارێکی تر بریاریان لێدرایەوە.
لەم رۆژانە، کەهاوکاتی نزیک
بوونەوەیە لەیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرنجمدا کە وەفدێکی هەڵەبجە لەبەغدایە،
دڵنیام هەمان داواکاری دە ساڵی پێشتریان بردوە، بەڵام ئەوەی کەگۆراوە دەمووچاوی
هەندێک لەئەندامانی وەفدەکەیە. وە ئەوەی جیایە ئەمساڵ پرۆژە یاسای بەپارێزگای
هەڵەبجە تەنها دەنگدانی ماوە لەپەرلەمان، هەرچەند شیعەکان بەهێنانی یاساکەی حەشدی
شەعبی دەیانەوێت ئەم هەوڵەیش بێ ئاکام بکەن و بمانگەرێننەوە بۆ خاڵی سفر.
خولاسەی کەلام: جاران دەیانوت هەڵەبجە دەچێ بۆ
بەغداد، ئەمێستا دەبێ بڵێین جا هەڵەبجە کەی لەبەغداد نەبوە؟ جا هەڵەبجە کەی
بەدەستی خاڵی لەبەغداد ناگەراوەتەوە؟ هەرچەند نابێ ئەوە لەیاد بکەین کەبەو هەموو
فەرامۆشکردنەوە پێدەچێ پەرلەمانەکەی بەغداد لەوەی خۆمان باشتر بێت، بەوەی هەر هیچ
نەبێت ١٦ی ٣ ی وەک رێزلێنان لەگیانی قوربانیان کردە پشووی فەرمی.
بریارێک کەبەداخەوە ٣٤ ساڵە دەسەڵاتی کوردی
دەرینەکردوە بەڵام بۆ دەیان شتی سەیر و سەمەرە پشوو رادەگەیەنێت.