سەردێڕ:

کێ براوەی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەبێت؟

PM:09:07:04/07/2024
3672 جار خوێندراوەتەوە
هیوا سەید سەلیم
+ -

رۆژی ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٤، گەڕی دووەمی ھەڵبژاردنی خولی چواردەھەمینی سەرۆکایەتی ئێران ئەنجام دەدرێت، لە گەڕی یەکەم کە لە رۆژی ٢٨/٦/٢٠٢٤ ئەنجامدرا، ھیچ یەک لە چوار کاندیدەکەی سەرۆکایەتی دەنگی پێویستیان نەھێنا، بۆیە دوو دەنگی یەکەم لە چوار کاندیدەکە، (مەسعود پزیشیکیان، سەعید جەلیلی) مافی ئەوەیان ھەیە بچنە ناو رکابەری گەڕی دووەم.

شایانی باسە، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە، ئەویش دوابەدوای رووداوی کەوتنەخوارەوە هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراھیم رەئیسی، سیانزەهەمین سەرۆک کۆماری ئێران لە رۆژی ١٩/٥/٢٠٢٤.

بەو ھەڵبژاردنە، پێشتر راپرسیەکان و شارەزایان پێیان وابوو رکابەریەکان زیاتر دەکەوێتە نێوانی (موحەمەد باقر قالیباف و مەسعود پزیشکیان)، بەڵام وا دەرنەچوو، (قالیباف) کە بۆ خۆکاندیدکردن وازی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ھێنابوو، لەو رکابەرییە شکستی خوارد و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستی پێشووی، نازانیین ئایا ئەو مافەی دەبێت، یان لەھەردوو دینان دەبێت؟

لە سیانزە سەرۆک کۆماری پێشوودا پێنجیان تونیویانە دوو خول لەسەر یەک ببنەوە بە سەرۆککۆمار ئەوانیش ( عەلی خامەنائی، ھاشمی رەفسنجانی، موحەمەد خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد، حەسەن روحانی)، بەڵام ھەریەک لە (بەنی سەدر، ئیبراھیم رەئیسی) نەیانتوانی خولی سەرۆکایەتیان تەواو بکەن، یەکەمیان پەرلەمان متمانەی لێوەرگرتەوە، دووەمیش بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە گیانی لەدەستدا، کە ھێشتان ساڵێکی مابوو بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆماری ئێران بکرێ، ھەرچی موحەمەد عەلی رەجائی، یەکەم سەرۆکە کە تەنیا یەک خول لەو پۆستە مابێتەوە.

لە خولی یەکەمدا ئەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئێران راگەیەندرابوو، تەنیا ٤٠٪ـی خەڵک بەشداری دەنگدانی کردبوو، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە رێژەی بەشدارینەکردن زۆر لەوە زیاتر بووە کە دەوڵەت رایگەیاندووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی (کوردستان و خوزستان و لوڕستان) باس لەوەدەکرێت کە تەنیا ٢٠٪ـی خەڵک دەنگی داوە.

ئەگەر رێژەی بەشداری وا بە کەمی بمێنێتەوە ئەوا شانسی بردنەوەی سەعید جەلیلی زیاتر دەبێت لە پزیشکیان، چونکە دەنگی بایکۆت ئەو دەنگانەن کە دژی ئاڕاستەی تووندئاژۆکانن کە لەو خولەی ھەڵبژاردن سەعید جەلیلی نوێنەرایەتیان دەکات.

لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، رکابەری نێوان بەرەی نەریتخوازان و ریفۆرمخوازان زۆر زەق دەبێتەوە، ھەردوولاش مەبەستیانە سوود لە دەنگە خۆڵەمێشیەکان وەرگرن، کە وەک ئاماژەمان پێدا دەنگێکی زۆرینەیە، لەو بارەیەوە سەعید جەلیلی بە جلی کوردی سەردانی شارە کوردیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانی کرد و پێشتریش مەسعود پزیشکیان سەردانی شاری سنەی کردبوو، بەڵام ھیچ یەک لەو ھەوڵانە نابنە ھۆی ئەوەی دەنگدەری کورد بەو رێژەیە بچێتە سەر سندوق کە ئەوان ئومێدی بۆ دەخوازن.

لەوبارەیەوە عەلی خامەنائی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیگەرانیەوە باس لە کەمی رێژەی بەشداری دەکات و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەل بەرپرسانی ئەو وڵاتە داوا دەکات رۆڵ ببینن بۆ بەشداریکردنی خەڵک لە خولی دووەمدا، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان لە پەیامی پشتی بایکۆت گەیشتوون.

لە ماوەی ئەوە ھەفتەیەی نێوان ھەردوو خول مەسعود پزیشکیان کارێکی نەکرد تا رێژەی بەشداری خەڵک بەرز ببێتەوە، کە ئەوەشیان لە بەرژەوەندی ئەو دەبوو، بۆیە ئەگەر دەنگی کاندیدەکانی دیکە کە ھەموویان لەبەرەی نەریتخوازەکانن بەشێکیان بۆ جەلیلی بچێت ئەوا شانسی دەرچوونی ئەو لە پزیشکیان زیاتر دەبێت و بۆ چواری ساڵی دیکەش ئەو وڵاتە کەسانی نزیک لە رابەر دەچنەوە سەر کورسی سەرۆک کۆمار.

گەلەری