سەردێڕ:

سیاسەتی دووفاقی!

PM:12:33:29/06/2024
2576 جار خوێندراوەتەوە
زیرەک کەمال
+ -

چەمکی سیاسەت دوو رووی هەیە، ئەرێنی و نەرێنی، کە زۆرینەی کات خەڵکی ئەو دوو رووە تێکەڵ دەکەن، رووە ئەرێنییەکەی سیاسەت ئەو جۆرەیە کە هەوڵی زیاتر نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازییەکان و بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، جۆری دووەمیشیان سیاسەتی نەرێنییە، کە زیاتر پەیوەندی بە دەسەڵات و تاکەکانەوە هەیە و ئامانج لێی بەرژەوندی تاکەکسی و حزبییە، جۆری دووەمیان، بەداخەوە، بەشێکی زۆری حزبە کوردییەکان و بەتایبەت حزبەکانی دەسەڵات پەیڕەوی دەکەن.

زۆرینەی حزبەکانی جیهان و بەشێکی کەم لە حزبەکانی کوردستان، سیاسەتێکی دیاریکراویان هەیە کە پەیڕەوی دەکەن، جا ئەرێنی بێت یاخوود نەرێنی، لەپاڵ ئەمانەدا، جۆرێکی دیکەی سیاسەت دێتە ئاراوە کە پێی دەوترێت "سیاسەتی دووفاقی یاخوود سیاسەتی دووڕوویی"، لە کوردستانیشدا، حزب هەیە کە تا ئێستا سیاسەتێکی روونی نییە و سیاسەتی دووفاقی جێبەجێ دەکات، بە نموونە، "یەکێتی".

لەدوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان و دروستبوونی هەرێم و پەرلەمان لە کوردستان، ئەگەر ساڵانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی لە هەرێم وەلا بنێین،لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئێستا، یەکێتی سیاسەتێکی روونی نەبووە، لەم ساڵانەی کۆتاییشدا بە ئاشکرا سیاسەتی دووفاقی پەیڕەو دەکات، لەلایەک بەشدارە لە حکومەت و چەندین وەزارەتی گەورەی بەدەستەوەیە و شەریک و هۆکارێکی سەرەکی قەیرانەکانە، لەلایەکی دیکە دەڵێت، ئەوان لە بەرەی خەڵکن و فرمێسکی تیمساحی بۆ هاوڵاتیان دەڕێژن و وا نیشان دەدەن کە ناتوانن خزمەتی ئەو سنوورە بکەن کە تیایدا دەسەڵاتدارن، ئەگەر وایە بۆ چەندین ساڵە لە حکومەتدا ماونەتەوە؟ بۆچی ناکشێنەوە و ساحەکە بۆ چەند هێزێکی نوێ چۆڵ ناکەن؟ بۆچی شەریکن لە حکومەت و دزینی داهاتی خەڵکی، کەچی لە میدیاکانیانەوە بە زمانی ئۆپۆزسیۆن قسە دەکەن؟

"لە سنووری دەسەڵاتی ئێمە خەڵک ئازادە لە دەربڕینی را و بۆچوونی خۆی"، ئەمە ئەو قسەیەیە کە لە زاری سەرکردەکانی ئەو حزبەوە رۆژانە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە، لەلایەک باس لە خزمەتکردنی شاری سلێمانی دەکەن، لەلایەکی دیکەوە شاخی گۆیژە کە رەمزێکە لە رەمزەکانی سلێمانی، دەفرۆشن بە کۆمپانیایەکی نزیک لە خۆیان و داهاتەکشی هەر بۆ گیرفانی خۆیانە، کە چالاکوانان ناڕەزایەتی دەردەبڕن رێگرییان لێ دەکەن و چاویان لێ سوور دەکەنەوە، کە مامۆستایان دێنە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن، لێیان دەدەن و رێگرییان لێ دەکەن، رۆژنامەنووس دەگرن و فەلاقەی دەکەن، خەڵک داوای مافی خۆی و مووچە و رێگاوبان و ئاوی خواردنەوە و چەندین خزمەتگوازی دیکەی سەرەتایی دەکات، دەڵێن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ئەی ئێوە لە حکومەتدا نین؟ ئەی چەندین وەزیرتان نییە؟ بۆ ناکشێنەوە ئەگەر راستگۆن؟

ئەم حزبە دەسەڵاتدارە کە لەدوای راپەڕینەوە بە فیعلی حاکمی سنووری ئەمدیو دێگەڵەیە، هەر لە ناوخۆدا نا، بەڵکو لە بەغداش سیاسەتێکی دیاریکراوی نییە و هەر رۆژە و بە ئاوازێک دەخوێنێت.

لەسەر بابەتی بەغداش شت زۆرە باس بکرێت، سیاسەتی ئەوێش تا ئێستا سیاسەتێکی روونی تێدا نییە و زۆرترین دەستوەردانی ناوخۆیی و دەرەکی لە بڕیارەکانی حکومەتدا دەکرێت، پرسی میلیشیاکان، بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە وڵاتەکەدا، بوونی هێزی بێگانە، دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروبارەکاننی عێراق، بنبڕنەکردنی شانەکانی داعش، قاچاخچێتی بە ماددەی هۆشبەر، کە لە ئێستادا عێراق بووەتە پردنی پەڕینەوە و هێڵی ئاڵوگۆڕی ئەو ماددانە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە، چارەسەرنەکردنی پرسی مووچەی هەرێم، ناسەقامگیری نرخی دۆلار، دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی و کردنیان بە مووچەخۆری حکومی، کە ئەمەی کۆتاییان لە ساڵانی دواتردا کاریگەرییە نەرێنییەکەی دەردەکەوێت لەسەر دۆخی ئابووری وڵاتەکە، بەوپێیەی لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزە و عێراقیش زۆرینەی داهاتەکەی لەسەر نەوتە کێشەیەکی وا دروست نابێت، بەڵام ئەگەر بێت و نرخی نەوت بە هەر هۆکارێک بێت داببەزێت، عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە.

جگە لەو گەندەڵیانەی لە دامودەزگاکانیدا دەکرێت و پارەیەکی خەیاڵی مانگانە دیار نامێنێت، تا ئێستا کار لەسەر ئەوە نەکراوە لە پشتبەستن بە نەوتەوە رێچکەکەی بگۆڕێت بۆ پشتبسەستن بە داهاتی نانەوتی، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی کەنداوەوە، کە لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن بە تەواوی پشت بکەنە نەوت.

ئەو خێر و بێر و پارە زۆرەی لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە رژاوەتە ئەم وڵاتە، ئەگەر لایەنێکی دڵسۆز دەسەڵاتی وەربگرتایە، ئێستا وڵاتە زلهێزەکانی جیهان مەمنونی بەر دەرگای عێراق دەبوون، بەڵام بەداخەوە، سەرقاڵی بە قۆڵبادان و دەستشکاندنی یەکتری و ململانێی مەزهەبی و خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی خەڵکی، بووەتە ئامانجی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان، وەک کورد دەڵێت، "ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێ"، چارەسەری ئەو دۆخەش لە تەواوی عێراقدا، لادانی ئەو دەمووچاوە دووبارانەیە کە چەندین ساڵە لە دەسەڵاتدان و هێنانەپێشەوەی چەند دەمووچاوێکی نوێیە بۆسەر کورسی دەسەڵات، کە ئامانجیانە خزمەتی خەڵک بکەن، بە دڵنیاییەوە، ئەوەش لە رێگەی "هەڵبژاردن" و بە "دەنگی خەڵک" دەبێت.

گەلەری