سەردێڕ:

خەڵک وەک هێزی گۆڕانکاری!

PM:09:23:27/06/2024
1832 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز حاجی
+ -

زەینوالعابدین سەرۆکی تونس لەساڵی ٢٠١١ پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشی هەبوو، بەڵام بڵێسەی ئاگری، هاوڵاتییەکی سادە، بووە مایەی رووخاندنی.

حوسنی موبارک و موعەمەر قەزافی سەرۆکانی میسر و لیبیا،لەوپەڕی پەیوەندی و پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا بوون، بەڵام گەل سیحری هەموو ئەمانەی پێچەوانە کردەوە و دەسەڵات و هێزیان بەرگەی بیست رۆژی رقی میللەتەکانیانی نەگرت و لەکۆشکی دەسەڵاتەوە هێنایاننە، نێو کونجی زیندان و کونجی زێرابەوە!

ئەم مێژووە نزیکەی ئەم سێ سەرۆکە لەکار خراوە، پێمان دەڵێت گەل دەتوانێت فریاد رەسی خۆی بێت لەدەستی سیستەمێکی پڕ لە ناعەدالەتی و ستەمکاری دەسەڵاتیی وڵاتەکەی.

وەلێ پەیوەست بەم رووداوانە، دەتوانین مێژووی ٣٢ ساڵ لە حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت دوو حزبی حوکمڕان (یەکێتی + پارتی) بخەینە بەر نەشتەری کردەوەی خۆیان و لەبەرامبەر گەل لە هەرێمی کوردستان و تاڕادەیەکیش ئاسانتر لەوەی ئەو سێ وڵاتە لەبەرامبەریان بوەستینەوە، چونکە ئەو دۆخە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەی بۆ مێژووی دەسەڵاتی میسر و تونس و لیبیا گونجاو بوو، دەکرێت بڵێین بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم جیاوازترە و ئەوەی گوێمان لێدەبێت بێزاری هێزە نێوەدەوڵەتییەکانە لە دۆخی حوکمڕانیان.

ئەوەی لە هەرێم دەکرێت رووبدات،گۆڕینی سیستەمەکەیە لەڕێی سیاسەتی نەرم کە گەل خۆی خاوەنێتی ئەویش دەنگدانە، بەڵام لەو سێ وڵاتەی باسکرا، بەسیاسەتی بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی سیستەمەکە گۆڕدرا، بۆیە هەڵبژاردنێک لەئێستادا کە لەبەردەم خەڵکی کوردستاندایە، ئایە دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و بە سیاسەتی نەرمی خۆی، سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی بێنێتە کایەوە، یان دەکەوێتە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندە و بانگەشەی هێزە دەسەڵاتدارەکان و لێی دەگەڕێت سیستەمەکە بۆگەنتر بێت؟

گەلەری