سەردێڕ:

مافی بێدەنگ بوون لە داوای سزاییدا !

PM:05:27:16/09/2023
4304 جار خوێندراوەتەوە
ئەردەڵان فاتیح بەرزنجی
+ -

(حق المتهم في الصمت)

مافی بێدەنگبوون یەکێکە لەو مافانەی کە یاسا بەخشیویەتیە تۆمەتباران لەکاتی لێکۆڵینەوە و بەردەم دادوەر تا گوزارشتی لێوە بکات لەو کاتەی کە تۆمەتبار دەکرێت بەکردنی کارێک لەوکاتەی دەستگیرکراوە .

بە پێی یاسای بنەماکانی دادگایکردنی سزایی ژمارە (٢٣) ی ساڵی (١٩٧١) تۆمەتبار ناچارناکرێت بە وتن یان ئاماژە یان نوسین لەبەردەم دادوەری لێکوڵینەوە لەو کاتەی لێکۆڵینەوەی لێ ئەکرێت لە بارەی تۆمەتێک کە دراوەتە پاڵی، ئەتوانێت بێدەنگ بێت و بە ویستی خۆی کەی ویستی ئەوکات قسەبکات، ناچار ناکرێت بۆ وتنی، ئەشکەنجەنادرێت، ناچار ناکرێت دانی پێدابنێت.

هەروەک لەهەمان یاسا لە ماددەی (١٢٦/ِب)دا هاتووە، تۆمەتبار ناچارناکرێت لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

پێویستە لە سەر دادوەری لێکۆڵینەوە کە بە تۆمەتبار بڵێ مافی ئەوەی هەیە بێدەنگ بێت لە هەر پرسیار و تۆمەتێک کە ئاڕاستەی تومەتباری دەکرێت کە ئەتوانێت وەڵام نەداتەوە و بێدەنگ بێت.

ئایا (السكوت علامة الرضا) داوا سزاییەکان دەگرێتەوە؟

نەخێر، ئەم بێدەنگی نیشانەی ڕازی بونە داوا سزاییەکان ناگرێتەوە و بابەتە شارستانیەکان دەگرێتەوە.

گەواهیدەر(شاهید) مافی بێدەنگ بونی هەیە؟

نەخێر، شاهید ناتوانێت لە شایەتیدان بێدەنگ بێت.

هەروەک لە ماددەی (١٧٦) هاتووە، ئەگەر شاهید ڕێگری کرد له سوێند خواردن یان شایەتی نەدا بێجگە لەو بارانەی کە یاسا ڕێگەی پێداوە ئەوا دروستە بۆ دادگا حوکمی بدات بەو سزایەی کە بە یاسا دیاری کراوە بە قەدەغەکردنی لە شایەتیدان وە دادگا بۆی هەیە فەرمان بدات بە خوێندنەوەی شایەتیدانەکەی پێشووی وا دادەنرێت کەلەبەردەمیدا شایەتیەکەی دابێت.

وە ئەگەر شاهید شایەتی نەدات سزا دەدرێت، هەروەک لە ماددەی (٢٥٤) لە یاسای سزاکانی عێراقیدا ژمارە(١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)دا هاتووە، بەهەمان ئەو سزایە سزادەدرێت کە دانراوە بۆ شایەتیدانی درۆ و بریتییە لە:

١. ئەوەی بەهەر ڕێگایەکی زۆرلێکردن زۆری کردبێت لە شایەتێک یان ناچاری کردبێت بۆ ئەوەی شایەتی نەدات یان شایەتی درۆ بدات هەرچەندە مەبەستەکەی ڕانەگەیاندبێت.

٢. ئەوەی لەبەرپێدانی دیاری یان بەڵێن پێدان یان هەڵخەڵەتاندن ئامادە نەبوبێت شایەتی بدات.

وە هەر کەسێک کە خزمەتی گشتی پێ سپێردراوە نابێت کەس ئازار بدات و ناچاری بکات بە قسەکردن، چونکە ئەوەش سزای لەسەرە، هەروەک لە ماددەی (٣٣٣) لە (یاسای سزاکانی عێراقی) ژمارە (١١)ی ساڵی (١٩٦٩)دا هاتووە، سزا دەدرێت بە زیندانی کردن یان بەندکردن هەر فەرمانبەرێک یان کەسێک خزمەتی گشتی پێ سپێردراوە هەستا بە ئازاردانی تۆمەتبارێک یان شایەتێک یان شارەزایەک یاخود فەرمانی کردبێت بە ئازاردانی بۆ ئەوەی دان بنێ بە تاوانێکدا بە ناچاری یان بۆ درکاندنی ووتە یان زانیاری لە بارەی تاوانەکەوە یاخود بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت لە بارەی شتێکەوە یان خستنەڕووی بۆچونێکی دیاریکراو لەو بارەیەوە، بەکارهێنانی هێز یان هەڕەشەکردن هەمان حوکمی ئازاردانی هەیە.

گەلەری