سەردێڕ:

نەوت نیعمەتە یان نەگبەتە

PM:10:07:02/04/2023
7352 جار خوێندراوەتەوە
کارۆخ خۆشناو
+ -

نەوت وەک سەرچاوەیەکی سروشتی و سامانێکی گرنگی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە سەر ئاستی جیهاندا گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت، چونکە دەکرێت ئەم سەرچاوە سروشتییە بکرێتە داینەمۆی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ هاونیشتیمانیان، بەمەرجێک لە رێگای عەقڵێکی هاوچەرخەوە وەبەرهێنان لەم سامانە نیشتیمانیەدا بکرێت.

بەڵام بەداخەوە لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقەوە کاتێک نەوت دەدۆزرێتەوە، ئەم سەرچاوەیە لە جیاتی ئەوەی ببێتە نیعمەت بووەتە نەگبەت، چونکە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە رێگای داهاتی نەوتەوە جۆرەها چەکی کۆمەڵکوژ و تانک و فڕۆکەی جەنگیان پێ کڕی و لەسەر خاک و خەڵکی کوردستانیان تاقی کردەوە، بۆیە لە سەدەی رابردوودا نەوت بۆ کوردستان وەک بەختی رەش سەیرکراوە نەک زێڕی رەش.

لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر چاوێک بە مێژووی وڵاتانی پێشکەوتووی خاوەن یەدەگی نەوت بخشێنین، دەبینین ئەم سەرچاوە گرنگە هاوشێوەی زێڕی رەش بووەتە نیعەتێکی گەورە بۆ زیادکردنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی وڵاتان، بۆ نموونە کاتێک نەوت لە سەرەتای شەستەکاندا لە نەرویج دەدۆزرێتەوە دەبێتە نیعمەتێکی گەورە بۆ ئەم ووڵاتە و لە ساڵی ١٩٩٠ پەرلەمانی نەرویج بڕیار دەدات سندوقی سیادی دابمەزرێنێت، ئەم سندوقە لە ساڵی ١٩٩٨ داهاتەکەی دەگاتە ٢٣ ملیار دۆلار، بۆیە پەرلەمانی نەرویج بڕیار دەدات وەبەرهێنان لەم پارەیەدا بکات.

دوای ٢٠ ساڵ وەبەرهێنان لە رێگای ٩٠٠٠ کۆمپانیا لە ٧٤ وڵات، سندوقی سیادی نەرویجی دەبێتە خاوەن (یەک ترلیۆن و نیو) دۆلار، واتە لە (سەدا پێنج هەزار) ئەم پارەیە لە رێگای وەبەرهێنانەوە زیادی کردووە، بە جۆرێک ئەگەر دابەش بکرێت بەسەر هەموو هاوڵاتییانی (نەرویج) کە ژمارەیان نزیکەی پێنج ملیۆن کەسە، هەر هاوڵاتیەک چـارەکە ملیۆنێک دوڵارێکی بەردەکەوێت.

بەڵام خەڵکی کوردستان لەسایەی رژێمی دیکتاتۆری بەغدا و لە رێگای فرۆشتنی نەوت و کڕینی چەک و تەمەنی هەر خێزانێکی کوردستان (جگە لە جارێک ماڵوێرانی و خاپوورکردنی دێهاتەکان و پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران) دەتوانین بڵێین هەر ماڵێک شەهیدێک یان زیاتری بەردەکەوێت.

لە ئێستاشدا کە هەرێم و بەغدا گەیشتوونەتە رێکەوتنێکی هاوسەنگ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت، دەبێت هەمیشە چاوێکمان لە سەر مێژوو بێت تاکو چیتر نەوت نەبێت بە نەگبەت بۆ خەڵک و خاکی کوردستان.

ئەگەر بەخۆداچوونەوەیەکیش بە خۆماندا بکەین دەکرێت بڵێین لە چەند ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بێ کەم و کوڕی نەبووە، بەڵام ئەم دۆسیەیە فاکتەرێکی گرنگیش بووە بۆ مانەوە و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا، بەتایبەت پێگەیەکی گرنگی بۆ هەرێم دروستکردووە لەسەر نەخشەی ووزەی جیهانی، بۆیە ئەم پرسە لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان.

لە کۆتاییدا دەکرێت پێداچوونەوەیەکی زیاتر بە دۆسیەی نەوتدا بکەین و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی وەک نەرویج وەربگرین، تاکو لە رێگای بەڕێوەبردنێکی ژیرانە و شەفاف و هاوچەرخەوە، بتوانین داهاتەکەی بخرێتە خزمەتی خاک و خەڵکی کوردستان، هەروەها دەبێت پەند و عیبڕەت لە رابردوو وەربگرین و نابێت بەهیچ جۆرێک ئەم دۆسیەیە بەتەواوی رادەستی بەغدا بکەین، ئەوانەشی بە بەهانەی هەبوونی کەم و کوڕی لەم دۆسیەیەدا دەهۆڵی رادەستکردنی نەوت دەکوتن، دەبێت هەڵوەستیەک بکەن و بزانن دانانی بناغەی ئابووری سەربەخۆ لەلایەن (هەردوو سەرۆک بارزانی و ڕەوانشاد تاڵەبانی)ەوە بێ حیکمەت نەبووە، بۆیە ئەم کەسانە گەورەترین هەڵە دەکەن کاتێک ئۆپۆزۆسیونبوونی خۆیان لە رکابەریکردنی شەریفانە لەسەر دەسەڵات گواستۆتەوە بۆ قەتیس بوون لە ڕادەستکردنی نەوت و دژایەتیکردنی کیان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان، ئەم هەوڵانەش (ئینجا هەر کەس و لایەنێک بیدات یان پێی خۆش بێت) ئەوا باجی قورسی بەدوادا دێت لە هەڵبژاردنەکان و مێژووش ڕەحم بە کەس ناکات.

گەلەری