ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەت و ڕەگی قوڵی کێشەکان
PM:11:53:15/01/2023
5592 جار خوێندراوەتەوە
ئەبوبەکر کاروانی
+
-
لە
ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەتدا، لێپرسراوێتی قۆناغەکەو دۆخی ئێستای
سلێمانی خراوەتە ئەستۆی یەکێتیەوە. ناڕوونی سەرچاوەکانی داھاتی زۆنی سەوز و
نەگەڕانەوەی بەگوێرەی پێویست بۆ خەزێنەی حوکمەت و کەیسی تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار
جافیشی بە کۆسپی سەرەکی سەرەڕێی چارەسەری کێشەکان لەگەڵ یەکێتی دیاریکردبوو.
(٥) خاڵەکەی
ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەت، ئەگەر وەك بنەماش، زۆر قسە ھەڵنەگرن، چونکە، ھەرێم
پێویستی بە: سەروەری یاسا، ھێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوو، ڕوونی سەرچاوەکانی داھات و
گەڕانەوەیان بۆ خەزێنەی حکومەت و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن ھەیەو پێشمەرجی ھەر
چاکسازییەکی ڕاستەقینەش لە دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم و بەگشتی سیستمە
سیاسییەکەی پێکدەھێنن،
ئەوا لەڕووی
دیاریکردنی ھۆکارە سەرەکی وڕاستەقینەکان و لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتیەکان و ئاستی
ئامادەیی لایەنەکانی حکومەت بۆ بەکرداریکردنیان، قسە ھەڵگرە. لەو سۆنگەوەی کە
کێشەکانی ھەرێم لە دوو ساڵی ڕابردووەوە دەستپێناکەن بەڵکو ڕەگ و ڕیشەیان بە مێژووی
ھاوچەرخی کوردی باشوور و سەرەتای داڕشتنی پایەکانی حوکومڕانیەکەیدا ڕۆچووە. بۆیە
دەبێت لە کاتی خستنە ڕوویان ئەم قوڵاییەی کێشەکان و ڕەھەندە جیاوازەکانییان
فەرامۆش نەکرێت، دەنا ھەرچی ئەوەی بە چارەسەر ناودەبرێت، لە ھەندێ ھەنگاوی کاتی
تێپەڕناکات.
ھەڵبەت ئەوە
ڕاستە کە نەخۆشییە موزمینەکەی حوکمڕانی کوردی کەماکەکەی لە ناکۆکی و گەندەڵی و
نادامەزراوەیی دەسەڵاتدا شاراوەتەوە، بەسەر جەستەی سلێمانییەوە زۆرتر دیارە، چونکە
جەستەیەکی ئازاردراوتر و لاوازترە. ئەوە شاراوە نییە کە سلێمانی گەر لە ڕوویەکەوە،
وەك ھەر شار و ناوچەیەکی تری ھەرێم قوربانیی قەیرانەکانی حوکمرانی ھەرێم و ئەو
بنبەستە سیاسییە بێت لەسەر ئاستی قەوارە دەستورییەکەو ئەزموونە حوکومڕانییەکە
لەئارادایە، لەڕوویەکی ترەوە، قوربانی سروشتی یەکێتی و کێشەکانی ناوی و بەگشتی
فەزا سیاسی و لە ھەندێ ڕووشەوە فیکرییەکەشییەتی.
پێشترو لە
ھەندێ بۆنەشدا ڕای خۆم دەربارەی ئەم دۆخە بە ھەندێ لە کاربەدەستە پلە یەکەکانی
ناوچەکەو بنەماڵەی حوکمڕان گەیاندووە. باسی ئەوەم لەگەڵ کردوون کە:
١- دام و
دەزگا حکومییەکان لە ناوچەکەدا بەرەو پووکانەوە چوون!
٢- یەکێتی
وەك پارتی فەرمانڕەوای زۆنی سەوز کێشەی دیدگای ھەیەو لای ڕوون نییە کوت و مت ئەو
ڕۆڵە چییە دەبێت بیگێڕێت؟ ئامانجی ناوەندی چییەو چۆن کاری بۆ دەکات و بەدیدەھێنێ؟
میکانیزمەکانی بۆ لەخۆگرتنی جیاوازی و شەبەنگەکانی ناوی چییەو کێشەکانی چۆن
چارەسەری درێژمەودا دەکات و سەقامگیری ناوخۆی حیزبیی بەدەست دەھێنێت؟
٣- یەکێتی
و سلێمانی وەك چوارچێوەیەکی گەورەتر لەو بە ئاست و چەشنی جیاواز وەك بەرەنجامی
خاڵەکانی پێشوو بەدەست جۆرێك لە قەیرانی ناسنامەوە دەناڵێنن.
وێناو
پێناسەیەکی تاڕاددەیەك ڕوون و چەسپاویان بۆ کەسێتی مەعنەوی و تایبەتمەندییەکانیان
نییە یاوخود وەك ئەوەی پێویستە ڕوون نییە.
٤- یەکێتی
و بەگشتی قوتابخانەی جەلالیزم (گەر دەربڕینەکە گونجاو بێت) لە سۆنگەی ئەو سروشتی
تاڕاددەیەك ھیولامی و قەیرانی ناسنامەیەی باسم کرد، زۆر جیاوازی لە نێوان ستراتیژ
و تاکتیکدا ناکەن! بەوەش زۆر جارستراتیژ دەکرێت بەقوربانی تاکتیك و وێنایان
دەشێوێت و وێنایەك لەخۆیان نیشان دەدەن، ھێزێکن کەمتر چەسپاویان ھەیەو ھەموو شتێك
وەك ئامرازی ململانێی حیزبی سەیردەکەن وبەکار دەھێنن؟
بەڵام ئەمە
تەنھا بەشێکی چیرۆکەکەیە، چونکە پارتی و یەکێتی پێکەوە ئیدارەی سی ساڵی رابردووی
ھەرێمیان کردووەو لێپرسراوێتی ھاوبەشی دۆخەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ:
١- گەندەڵی
و ناڕوونی سەرچاوەی داھاتوو دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا.
٢- نەبوونی
حوکمی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا.
٣- بوونی
چەکی حیزبی و ھەژموونی حیزب بەسەر دام و دەزگا ئەمنییەکان و قۆرخکردنیان.
٤- بوونی
زۆنی حیزبی نیمچە کۆنتڕۆڵ کراو و لاوازکردنی دام و دەزگا نیشتیمانییەکان.
٥- نەبوونی
ژێرخان پێشمەرجەکانی ھەڵبژاردنی ئازاد، خەمڵینی چەمکی ھاووڵاتی، شکستی پرۆسەی
نیشتیمان و گەلسازی، بەگشتی چاکسازی ھەمەلایەنەو ڕاستەقینە.
٦- نائومێدبوونی
زۆرینەی کۆمەڵگە لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن و باوەرنەبوون بەوەی لە
ڕێی ئەوەو چاکسازی و گۆڕانکاری بێتەدی و چەندین شتی تر، تایبەتمەندی و خەسڵەتی کۆی
سیستمە سیاسییەکەن لە ئاستی ھەرێمدا نەك تەنھا ناوچەیەکی دیاریکراو.
ئەگەر ھۆکاری
ئەم گەرەی ئێستای ناکۆکییەکانیش تیرۆری عەقید ھاوکار جاف و دوای ئەویش،
نەگەڕانەوەی بەشێ لە داھاتی زۆنی سەوز بۆ خەزێنەی گشتی بێت، بەو جۆرەی سەرۆکی
حکومەت دەیڵێت، ئەوا ھەموو لایەك دەیزانێ کە ڕەگی قوڵی کێشەکان وا لەو ناکۆکییە
نەفرەتی و عەبەسییەی لە ناوەڕاستی شەستەکانی ڕابردووە دەستی پێکردووەو تاکو ئێستاش
بەردەوامە.