عەجاج، لە جەللادەوە بۆ قوربانیی ..!
AM:11:36:02/08/2025
4868 جار خوێندراوەتەوە
سمکۆ سابیر
+
-
ئەوەی ئەمڕۆ
دەزگا نیشتمانییەکانی عێراق پیشانی ئێمەیان دا، عەجاجەکەی ساڵی ١٩٨٨ی قەڵا پڕلە
ستەمەکەی نوگرە سەلمان نەبوو، ئەو روخسارەی کە ئێمە بینیمان، ڕوخساری عەجاجی نوگرە
سەلمان نەبوو، کاتێک ئەنفالکراوانی نوگرەسەلمان لەترسی قامچی و سوکایەتی و پەلامار
و کارە قێزنەونەکانی ئەم جەللادە، ناچاربوون لەکونجی ژوروو هۆڵەکانیان
سەردەرنەهێنن و لەسەر جێگاکانیان سەری خۆیان کزبکەن و داوا لەخوای گەورە بکەن کە
ئەم بەڵایەیان لێدووربخاتەوە و نەهێڵێت دەستی پێیان بگات و لەسەر دەستی ئەم
دڵڕەقەی بەعس ئازار نەچێژن..
بەڵێ، هێزە
عێراقییەکان لەگەڵ نمایشی وێنەکە، هەرچییان نوسیبێت بەڵام دواجار وەک دەوترێت، وێنە
بەقەد هەزا وشە کاریگەری هەیە. لە هەموو دونیادا پیشاندان و
ئاشکراکردنی تاوانبار، یاسا و پرەنسیپ و رێسای خۆی هەیە، دەبوو بەهەمان ستانداردی
نێودەوڵەتی دەزگا ئەمنییەکان عەجاج بێننە سەر شاشەی تەلەفزیۆن، یان وێنەی بە
ستانداردی جیهانی پیشان دەن، ئەویش بەوەی وێنەیەکی نزیکی ڕوخساری لە پێشەوە بگرن و
تابلۆیەکی بەسەرەوە بێت کە ناوی تەواوی لەسەر بێت. بەڵام ئەوەی بڵاوکرایەوە تەواو
پێچەوانەی ئەوە بوو، عەجاجیان وەک پیاوێکی بەساڵاچووی هێمنی سەر سپی پیشان دا،
وێنەی شیشەکانی پەنجەرەکەی پشتی بە تەواوی کارەکتەرەکەی عەجاجی پێچەوانە
کردبووەوە، عەجاجی وەک کەسێکی غەدر لێکراو وێنا دەکرد.
لەکاتێکدا ئەم
تاوانبارە، دەستی سوورە لە خوێنی هەزاران ژن و پیاو و منداڵی بێتاوان و کەسێکی
میحوەری بووە لە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال، ئەنفالیش تاوانێکی نێودەوڵەتییە و بەهەموو
پێوەرەکان جینۆسایدە. چۆن دەکرێ تاوانبارێکی نێودەوڵەتی کە بە ڕێزبەندی لە دوای
سەددام و عەلی حەسەن مەجیدەوە دێت بەو جۆرە وێنا بکرێت؟ دەیڵێمەوە، دەبوایە
وێنەکەی لە پێشەوە و لەنزیکەوە بەگوێرەی رێسا نێو دەوڵەتییەکان بگیرێت و هەروەها
بەپێوە بوەستێندرێت.
بەڵکو ئەم وێنە
وەک تابلۆیەکی سوریالییە، نەک وێنی تاوانبارێکی وەک عەجاج، کە لێپرسراوی ڕاستەوخۆی
کوشتن و ئەشکەنجەجانی دەیان هەزار کەسی ئەنفال کراوی بێتاوانە. پیشاندانی
تاوانبار، لە ڕووی میدیایی و یاساوە بۆخۆی ئیتیک و پرەنسیپی یاسای خۆی هەیە، بەڵام
عەجاجیان بەجۆرێکی تر نمایشکرد، سەری کزکردووە، کەسێکی پیر و سەرسپی و بێهێز، کە
تەواو هەستی دونیای عەرەبی و عێراقی دەجوڵێنێت و عەجاجمان لە تاوانبارێکی بەشدار
لە دۆسییەیەکی جینۆساید، وەک فریشتەیەکی بەستەزمان وێنا دەکات.
بۆیە لە سەرەتاوە
دەبێ بەهەستیارییەوە لەئاست ئەم پرسەدا مامەڵەبکرێت و هەڵوەستە لە دۆسیەکە
لەئێستاوە بەگومان و چاودێرییەکی چڕەوە، هەنگاوی بۆ بنرێت و رێگە نەدرێت ئەم
جەللادە وەک قوربانیی پیشان بدرێت.
ئەو برینەی
عەجاج خستویەتییە دڵ و جەستەی کۆمەڵگەی ئێمە لە باشوور، تەنها بەدادگاییەکی
ئاشکرای دادپەروەرانە ساڕێژ دەبێت، بەپێچەوانەوە بەئاگایی و بێئاگایی بێت، ئێمە
هەمان برین دەخەینەوە نێو جەستە و رۆحی گەڕاوەکانی نوگرەسەلمان.