ساڵەکان چی لە دۆخی وەرزش دەگۆڕن؟!

PM:10:37:08/01/2023
5580 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

لە وڵاتانی پێشکەوتوو یاخود لەو شوێنانەی کە حکومەتەکان زیاتر خزمەتکاری گەلەکەیانن، ساڵەکان و ئومێدەکان زۆر جیاوازن، بە شێوەیەک ئەستەمە دوو ساڵ بەسەر یەکدا تاکەکان و کۆمەڵگە بەگشتی یەک ئاوات بخوازن، چونکە ئەوان پێگەیشتوون و تێگەیشتوون کە دەستخستنە سەر برینەکان و دەستنیشانکردنی کێماسیەکان، بڕینی زیاتر لە نیوەی ئەو رێگایەیە کە بە خەونەکەت دەگەیەنێ، بۆیە هەمیشە لای ئەوان سارێژکردن و گەیشتن بە هیواو خۆزگەکان سەخت و مەحاڵ نابێ.

لە کوردستانەکەی خۆشمان ساڵ دێت و دەڕوا، ژمارەکان هەمووی دەگۆڕێن، کابینە چوار ساڵیەکانی حکومەتیش یەک بەدوای یەک دێن و دەڕۆن، کەچی هیچ شتێک لە دۆخی وەرزش ناگۆڕێ و ئاوات و خۆزگەکانیش سەد بارە دەبنەوە! لە کاتێکدا ژێرخانێکی وێران و وەرزشێکی دواکەوتوومان هەیە، جگە لەوەی نزیک دە ساڵە پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بە وەرزش نووسراوە، کەچی لە پەرلەمان تۆزی لەسەر نیشتوەو کەس ئامادە نیە بیخاتە بەرنامەی کارو بەرگێکی فەرمی بخاتە بەری! لە هەمووشی کارەساتتر بەقەد پێنج وڵات یانەمان هەس، کەچی بە هەموویان ناتوانن ساڵانە دوو یاریزان دروست بکەن! لە لایەکی دیکەوە حکومەت بۆ هەر ساڵێک بڕێک پارە بە ناوی هاوکاری بۆ یانەکان تەرخان دەکات، لێ بۆ دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، هیچ پێوەرێک بوونی نیە، ئەوانەی دەستڕۆیشتوون دەتوانن ساڵانە دووجار پارە لە حکومەت وەرگرن، ئەوەشی داماوەو دەسەڵاتی لەپشت نیە، ئەوە بە دوو ساڵیش دینارێکی پێ نابەخشرێ! خولێکی تۆپی پێشمان هەیە کە من شانازی پێدەکەم، بەڵام گەر چەند پشکە بارانێک ببارێ، یاریگەکان لەجیاتی تۆپی پێ، دەبێ پێشبرکێی مەلەوانی تێدا ئەنجامبدرێت!

ساڵانێکی زۆرە هاوار دەکەین و بە دەنگێکی بەرز بە گوێی بەرپرسانی ئەو هەرێمە دەقیڕێنین و رێگا دروست و زانستیەکەیان نیشاندەدەین، بیرۆکەو پێشنیارو پڕۆژە نەما بۆ باشکردن و ڕاستکردنەوەی دۆخی وەرزش نەیخەینە روو، کەچی نەک هەنگاو بەو ئاراستەیە نانێن، بگرە هەندێکیان سەنگەریشمان لێدەگرن و زۆر جاریش وشەکانمان بە هەڕەشە لەسەر بوونی خۆیان دەزانن! بۆیە بە بڕوای من لە جیاتی ئەوەی ساڵانە خەونی گەورە ببینین و بێ بنەما ئومێد بۆ داهاتوو بنەخشێنین، باشترە سەرەتا خەو لەو بەرپرسە نەزان و گەندەڵانە بزڕێنین، چونکە ئەوانە هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە چەقبەستووەن، تا ئەو دەمووچاوانە لەنێو کایەکە دوورنەخرێنەوە، وەرزش و ژێر خانە هەژارەکەی هیچ پێشڤەچوونێک بەخۆیەوە نابینێ، بە بڕوای من کاتی ئەوە هاتووە حزبەکانیش کە سپۆنسەرو پشتیوانی ئەو کارەکتەرە بێ کەڵکانەن، بە خۆیاندا بچنەوەو لە خۆشیان بپرسن ئاخۆ دوای ئەو هەموو ساڵانە ئەو کەسانە چیان کردوەو بەرهەمیان چیبووە؟ ئایا وەرزشیان بوژاندۆتەوە یان گیرفانەکانیان؟! بەداخەوە بەهۆی ئەکتیڤ نەبوونی دەزگاکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن، هەروەها بەدوادانەچوونی ئەو بەڕێزانەی کە لە حزبەکانەوە کەیسی وەرزش بەڕێوە دەبەن، ئەو بەرپرسە وەرزشیانەی تا ئێستا ڕابەرایەتی کایەکە دەکەن، کاتێکی زۆریان بەفیڕۆداو کایەکەشیان بەرەو هەڵدێر برد!

لە کۆتاییدا ناچارم بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە جیاتی ئەوەی هیوا بە بنیاتنانی شاری وەرزشی و یاسایەکی پێشکەوتووی وەرزش و دروستکردنی فێرگەی پێگەیاندنی یاریزانان و پێشڤەچوونی گشتی کایەکە بخوازم، گۆڕینی ئەو بەرپرسانە بکەمە خەون و ئاواتم، چونکە پێموایە دەستپێکی قۆناغی راستکردنەوەو بەرەوپێشبردنی وەرزش، دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانەن کە وەک شێرپەنجە جەستەی وەرزشیان شەکەت و نەخۆش خستووە.