جەللادەکان بوەستێنن!

PM:09:17:01/11/2022
10376 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

نامەوێ هیچ پێشەکیەک بۆ ئەو وتارەم بنووسم، ئەوەندە پەست و توڕەم، بەرپرسی ئەو وڵاتە بوومایە، لە جیاتی ئەو چەندە دێرە، یەکسەر نووسراوی دەستبەسەرکردنی ئەو پۆلیس یا سیکورتیانەی بەر دەرگای یانەی دهۆکم دەردەکرد، کە بە دارو کێبڵ بەرببوونە گیانی ئەو وەرزشدۆستانەی کە مەبەستی بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و سەیرکردنی کلاسیکۆی کوردستان لە نێوان (دهۆک - هەولێر) لە پریمەر لیگی عیراقی روویان لە یاریگە کردبوو.

دیمەنەکانی لێدان و کوتانی ئەو خەڵکە کە لە سۆشیال میدیا بە زوویی بڵاوبویەوە، بەڕاستی بۆ من شۆکێکی بێ ئەندازە گەورە بوو، دەرگاوانەکان زۆر بێ بەزەییانە دارو کێبڵەکانیان دەوەشاند،

هاوشێوەی جەللادەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە هۆیەوە دەیان کەسی ئازادیخواز کوژراون و سەدانیش بریندار بوونە، باشە ئەگەر یەکێک لەو هاندەرانە گیانی لەدەست بدابایە، کێ وەڵامدەر دەبوو؟!

ئەو کردەوە نابەرپرسانە نابێ و ناشێ بە سانایی تێپەڕببێ، چونکە هەموو سنوورێکی قێزەونی و بێ بەزەیی تێپەڕاند، ئاخر چ ویژدانێکە تۆ بەو شێوە دڕندانە بکەوێتە گیانی هاونیشتیمانیانت؟! لە کاتێکدا ئەوان پارەیانداوە بۆ ئەوەی سەیری یاری یانە خوازراوەکەیان بکەن، نەک دارکاری بکرێن!

ساڵانێک بوو جەماوەری وەرزشی کوردستان بەگشتی لە یاریگەکان و سەیرکردنی یارییەکان تۆرا بوون، دیارە هۆکارەکان زۆرن و نامەوێ لێرەدا ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە ئەمساڵ جیاواز لە پێشوو، لە یارییەکاندا جەماوەر جوانترین تابلۆی وەرزشیان نەخشاندووەو یاریگەکانی کوردستانیش زۆرترین رێژەی جەماوەریان تێدا تۆمار کراوە، بەم هۆیەشەوە بوونەتە باسی گەرمی میدیا عیراقی و عەرەبیەکان، لێ ترسی زۆرم هەیە ئەم رووداوە دەرهاوێشتەی نەرێنی هەبێت و دیسان چەند هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە، چونکە لە سۆشیال میدیاو پەیجە وەرزشیەکان هەڵوێستی تووندم بەدیکردووە، بە ئەندازەیەک لە ئێستادا گروپێک بە ناوی بایکۆت سەریهەڵداوەو پشتیوانانیشی زۆرن!

بۆیە پێویستە حکومەت و پارێزگارو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دهۆک بە زوویی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن، وێڕای بە فەرمی داوای لێبوردن و ئاشتکردنەوەی جەماوەری ستەملێکراو، دەبێ تووندترین سزای ئەو کەسانەش بدەن کە بە شێوەیەکی دڕندانە لە خەڵکیان دەداو جوانی وەرزش و ناوبانگی کوردستانیان لە کەدار کرد،

بۆیە گەر میکانیزم و هەنگاوی خێراو ژیرانە نەگیرێتە بەر، دوور نیە لە داهاتوو تووشی کارەساتی گەورەو جەرگبڕ ببینەوە، کەوایە لە ئێستادا باشترین و پێویسترین کار بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە، سپاردنی یاریگەکانە بە کەسانی لێزان و راهێنراو بۆ ئەو جۆرە کەشانە، تاکو بتوانن لە دۆخ و ژینگەی ئاڵۆزدا بە دروستی و دوور لە تووندووتیژی مامەڵە بکەن.