چۆن ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەولێر بنیات دەنرێتەوە؟

AM:11:10:19/10/2022
3940 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

نوێنەرەکەی پایتەختی هەرێم لە خولی نایابی عیراق بۆ تۆپی پێ، ئەمساڵ جیاوازتر لە پێشوو، زۆرترین ماوەی بۆ خۆ ئامادەکردنی تیپەکە تەرخانکردو شازدە یاریزانی نوێشی گواستەوە، جگە لەوەی دوازدە یاری دۆستانەشی ئەنجامدا، لێ پێچەوانەی هەموو پێشبینیەکان، لە دوو گەڕی دەستپێکی پریمەر لیگی عیراق، ئاست و ئەنجامەکەی نەک دڵخۆشکەر نەبوو، بگرە توڕەبوونی هاندەرانشی بەدوادا هات و بە هۆشیەوە راهێنەر ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا !

کارامەیی راهێنەر بە دوو یاری پێوانە ناکرێ!

دیارە من سەرسووڕمانی خۆم لە بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەر ناشارمەوە، چونکە ناکرێ بە دوو یاری هەڵسەنگاندن بۆ راهێنەر بکەیت و بڕیار لەسەر لێهاتوویی یان ناکارامەیی بدەیت، بە تایبەتیش بۆ تیپێک کە لە قۆناغی بنیاتنانەوەیەو سێ بەشی تیپەکەش یاریزانی تازەن و هێشتا نە گەیشتوونەتە ئاستێک لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوانیان پتەوبێ، بۆیە بە بڕوای من نە دەبوو دەستەی کارگێڕی بە زوویی مل بۆ فشارەکانی جەماوەر بدات، بەڵام رەنگە ئەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرەبێ کە لەلایەن جەماوەرەوە خرایە سەریان! لە هەمان کاتدا هاندەرانیش هەڵەیەکی کوشندەیان ئەنجامدا، پێموایە لە داهاتووێکی نزیکدا پەشیمان دەبنەوە لەوەی دەرفەت و کاتی زیاتریان بە راهێنەر نەدا.

باشە گریمان راهێنەری تازەش هات، ئەی ئەگەر ئەویش دوو یاری لەسەر یەکتر دۆڕاند، ئەوکات چی؟! ئەویش دووردەخەنەوە؟! بە دڵنیاییەوە هەر راهێنەرێک بێ کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێ ئاستی یاریزانان هەڵبسەنگێنێت، بە هەمان شێوە یاریزانەکانیش کاتیان گەرەکە، تاکو بتوانن خۆیان لەگەڵ تاکتیک و پلانی راهێنەری نوێ بگونجێنن، من لە کاتێکدا سەد لە سەد راهێنەر تاوانبار دەکەم کە تەواوی یاریزانەکان خۆی دەستنیشانی کردبن، بەڵام بەپێی دیمانەیەکی لەگەڵ وشە نزار ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەیەکی شەش کەسی بڕیاریان لەسەر هێنان و گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان داوە، نەک خۆی بە تەنیا، بۆیە گەر تۆزێک بە ویژدانەوە بڕوانین، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ناکرێ راهێنەر بە تەنها باری لاری دۆخەکەی بخرێتە ئەستۆ، وێڕای سەرنج و تێبینیشم لەسەر پلان و شێوازی یاریکردنی تیپەکەی.

کوالێتی و ئاستی یاریزانەکان!

ئاشکرایە هەرچی سەیری دوو یاری رابردووی هەولێری کردبێ، دەزانێ کوالێتی یاریزانەکان لەو ئاستە نیە کە یانەکەی پایتەخت بتوانێ رکابەری نەک یانە گەورەکان، بگرە ئەو یانانەش بکات کە ساڵانێک بەو هیوایە بوون بە کەمترین ژمارەی گۆڵ بەرامبەر هەولێر دەربازیان بێت! بۆیە هەر راهێنەرێکی دیکەش بێ، رەنگە چارەنووسی لە مەحروس باشتر نەبێ! کەوایە لیژنە شەش کەسیەکەش کە زۆربەیان خاوەن ئەزموونن، لە دەستنیشانکردن و هێنانی یاریزانان سەرکەوتوو نەبوونە.

توانای جەستەیی یاریزانەکان شۆکی کردم!

خاڵێکی دیکەی هەرە گرنگ کە پێویستە ئاماژەی پێبکەین، لاوازی توانای جەستەیی یاریزانەکانە، ئەو چەکە کاریگەرەی لای راهێنەران کوشندەترینە بۆ لاوازکردن و ماندووکردنی رکابەر، بەڵام گەر لە دوو یاری رابردووی پاسەوانانی قەڵا بڕوانین، زۆر بە سادەیی بۆمان دەردەکەوێ کە یاریزانەکان لە ڕووی توانای جەستەییەوە لەو پەڕی لاوازیدان و زۆربەیان ناتوانن لە شەست خولەک زیاتر یاری بکەن، بۆیە لام سەیرە تیپێک پتر لە دوو مانگ ئامادەکاری بۆ خول کردبێ، چۆن توانای جەستەیی یاریزانەکانی بەو ئەندازە لاواز دەبێت؟!

دڵسۆزی و رووحیەتی جەنگان!

دیارە رووحیەتی جەنگان و مکووڕبوونی یاریزانان بۆ بردنەوە، یەکێکە لەو فاکتەرە گرنگانەی کە زۆر تیپ بەهۆیەوە ئامانجەکانیان دەپێکن و سەردەکەون، لە زۆر باریشدا قەرەبووی خاڵە لاوازەکانت دەکاتەوە، لێ ئەو خاسیەت و شەڕکردنە لە پێناو ناوی یانەکەو جەماوەرەکەی لە یاریزانەکانی هەولێر بەدی ناکرێت، راستی نازانم هۆکارەکەشی چیە، بۆیە پێویستە یاریزانەکان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.

قۆناغی بنیاتنانەوە چی پێویستە؟

روونە یانەی هەولێر لە ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵی پێشوو، بە ئەندازەیەکی زۆر ئاست و ئەنجامی پاشەکشەی کرد، بە شێوەیەک ئامانجی تیپەکە لە رکابەریکردن لەسەر نازناو، بۆ شەڕکردن لە ریزی گەورەکان گۆڕا! لە هەمان کاتدا نمونەی سەردەمی زێڕینیشمان لەبەر دەستە، ئەو کاتەی هەموو یانەکانی عیراق و بگرە ئاسیاش لە هەولێر تۆقیبوون، باشە بۆ ئەو کات زەردپۆشەکان لە لوتکەدا بوون و ئێستاش لە دۆخێکی تەواو پێچەوانە؟ ئایە هۆکارەکەی تەنها پارە بوو؟! بێگومان نەخێر، راستە بەهێزی لایەنی دارایی گرنگە، بەڵام ئەوەی هەولێری پێشوو لە ئێستا جیا دەکاتەوە، بوونی ئارامی و بەردەوامیدان بوو بەو دۆخ و کەشە هێمنەی لە لایەنی هونەریەوە بۆ تیپەکە رەخسابوو، نەک شتی دیکە، راهێنەر لە هێنانی یاریزانان سەرپشک بوو، هەروەها زۆرترین کات و ماوەی پێدەدرا، نەمانبینی هیچ راهێنەرێک کەمتر لە دوو ساڵ سەرکردایەتی تیپەکە بکات، یاریزانەکانیش گرێبەستی دوو ساڵەیان لەگەڵ واژوو دەکراو هەموو کۆتایی وەرزێکیش بۆندی بەشێکیان نوێ دەکرایەوە، هەروەها دوو تا سێ یاریزانی تازەش دەهێنران، بەم هۆیەوە جۆرێک لە ئارامی و لێکتێگەیشتن لە نێوان یاریزانەکان و راهێنەر دروست ببوو کە دواجار بە نازناوێک هەولێر بەرهەمەکەی دەچنیەوە، بەڵام تەنها لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا بە بیانووی جۆراوجۆر هەشت راهێنەر دوورخراونەتەوە، بۆیە پێموایە ئەم ریکۆردە شایستەی ئەوەیە بخرێتە کتێبی گینسەوە! باشە تیپێک لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو هەموو راهێنەرەی گۆڕیبێ، چۆن ئاست و ئەنجامی وەک پێویست دەبێ؟!

کەوایە بە فەراهەمکردنی کەش و ژینگەیەکی ئارام، دەتوانرێ قۆناغی گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتنەکان بنیات بنرێ، بۆیە گەر دەستەی کارگێڕی هەولێر گەرەکیەتی تیپێک بۆ ئێستاو داهاتوو بنیات بنێ، پێویستە گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی بیانی لێزان و خاوەن ئەزموون بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی یاریزانی لاو واژوو بکەن، تکایە لە داواکاری نالۆژیکی و قسەی سەر پەیژەکان دووربکەونەوە، بەو دۆخەی ئێستا کە من بە قۆناغی راگوزەری دەزانم، هیچ راهێنەرێک ناتوانێ هەولێر بگەیەنێتەوە لوتکە، بۆیە تاکە چارەسەر دەرفەتدانە بە راهێنەری تازەو سەرپشکردنیەتی لە هێنان و بەڕێکردنی یاریزانان و دروستکردنی ئەو ژینگەو کەشە ئارامەی کە ساڵانێکە تیپەکە ونیکردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی ئایندە هاوشێوەی سەردەمی زێڕین، جارێکی دیکە ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەولێر بنیات بنرێتەوە.