وەرزش بە خێر و سەدەقە بەڕێوەناچێت!

PM:11:36:13/09/2022
4156 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس رەواندزی
+ -

سەرکەوتنی هەموو کایەک لە ژیاندا پەیوەستە بە کۆمەڵێک کەرەستەو میکانیزمی سەرخستن، ئەزموون و ئیدارەدانێکی باش دوو خاڵی گرنگن بۆ گەیشتن بەو هیوایە، لێ بێ نەبوونی پاڵپشتیەکی بەهێزی دارایی، رەنگە تەواوی پڕۆژەکەت لەبار بچێ، یاخود نەتوانی وەک پێویست ئامانجەکەت بپێکی.

لە دوای روخانی ڕژێمی بەعس و پڕۆسەی ئازادی عیراق، لە کوردستان وەرزش بە گشتی و تۆپی پێش بە تایبەتی تا ئەندازەیەک کرانەوەو پێشوەچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، ئەمەشیان بە پاڵپشتی و هاوکاریە سنووردارەکەی دامەزراوە وەرزشیەکانی نێو حکومەت و تا ئەندازەیەکیش حزبەکان هاتەدی کە خاوەندارێتی زۆربەی یانەکان دەکەن، بەڵام لەوساوە تا ئێستاش نەتوانراوە میکانیزمێک بۆ پێدانی ئەو بڕە پارەیە دابنرێت کە ساڵانە وەک خێرو سەدەقە بە یانەکان و دامەزراوە وەرزشیەکان دەدرێت، تاکو بە دادپەروەرانەو بە پێی قەبارەو ئاستی رکابەییەکان، بەسەریان دابەشبکرێت. بەهۆی ئەوەی ئەو بڕەی بە یانەکان دراوەو دەدرێت، دیاریکراوەو تەنها بۆ پشکداریکردنی خول و پاڵەوانێتیەو ناتوانرێ پلانی درێژخایەنی پێدابنرێ، بۆیە لە هەر کات و ساتێکدا حکومەت بکەوێتە قەیرانی دارایی، راستەوخۆ وەرزشیش ئیفلیج دەبێ، چونکە لەماوەی دوو دەیەی رابردوو هیچ تیپێک نەیتوانیوە بناغەیەکی پتەو بۆ ژێرخان و سەرخانی یانەکەی دابنێ و چاوی لە هاوکاری حکومەت و حزبەکان نەبێ.

بە هۆکاری شوێنی کارکردنم رۆژانە دەبینم یانەکان دەرخستەی تایبەت بە خەرجی رکابەرییەکان و پێداویستیەکانیان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن و هەر یەکێکیان داوای گوژمەیەک دەکات، ئەوەی من لەمبارەوە دەیبینم، بێ سەرووبەرییەکی زۆر هەیە، هیچ پێوەرێک بوونی نیەو هەموو یانەیەک ئازادە دەرخستەو داواکاری پێشکەش بکات، جا یانە هەیە ساڵ دەسوڕێتەوە دینارێکی بۆ سەرف ناکرێت، هەشە دەستڕۆیشتوەو لە ساڵێکدا سێ جار پارەی پێدەدرێت!

لێرەدا من مەبەستمە پێشنیارێک بخەمە بەر دیدی بەرپرسانی حکومەت، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە دادپەروەری بچەسپێ و هەر یانەیەک بە پێی ئاست و قەبارەکەی سوود مەند بێ، هاوشان لەگەڵ ئەو هەنگاوە، گرنگە ژمارەی یانەکانیش کەمبکرێتەوە.

سەرەتا بوونی سندوقێکی دارایی بە ناوی پاڵپشتی وەرزش بە پێویست و گرنگ دەزانم، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە حکومەت ساڵانە گوژمەیەک پارە بخاتە سندوقەکەو بەڕێوبەرایەتی وەرزش و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بەپێی میکانیزمێکی زانستی و قەبارەو ئاستی رکابەری و پاڵەوانێتیەکان، پۆلینکارییەک بکات و ساڵانە بەر لە دەستپێکی رکابەرییەکان بەسەر یانەکانی دابەش بکات، دەکرێ ئەو هەژمارە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئەکتیڤ بکرێ و ساڵانەش لەگەڵ باشتربوونی باری دارایی پارەی زیاتری بخرێتە سەر، لێرەدا پێویستە لەتەک ئەو هەنگاوەدا فشارەکانیش بۆ تێپەڕاندنی یاسای لیژنەی ئۆلۆمپی کە ساڵانێکی زۆرە لە پەرلەمان تۆزی لەسەر نیشتووە، تێپەڕێندرێت، بۆ ئەوەی یەکیەتی و دامەزراوە وەرزشیەکانیش هاوشێوەی کایەکانی دیکە، چوارچێوەیەکی یاسایان هەبێ و ساڵانە بۆ خول و چالاکیەکانیان بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت، دواتریش دەکرێ بە ئەکتیڤکردنەوەی پڕۆژەی نەخشە رێگای وەرزش کە لە سەردەمی وەزارەتی وەرزش و لاوانی بەڕێز تەها بەرواری گەڵالەکرا، پلانێکی ورد بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی وەرزشیش دابنرێت، چونکە لە نێوەڕۆکی پڕۆژەکەدا خاڵ و هەنگاوی زۆری گرنگی تێدا بوو، بەڵام بەداخەوە دوای نەمانی ئەو وەزارەتە، نەک پڕۆژەکە بۆ دامەزراوەکانی خوارتر شۆڕنەبۆوە، بگرە بوونی نەما!

هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەنگاوانەش زۆر بە پێویستی دەزانم یاسایەکیش بۆ مافی خاوەندارێتی یانەکان دەربکرێ، لە نێویدا ئاسانکاری و ژینگەیەکی بێ کێشە بۆ سەرمایەداران و وەبەرهێنەران فەراهەم بکات، بێگومان ئەمە فاکتەرێکی کارای پێشڤەچوون و هەنگاوێکی پیشەگەرانەیە بە ئاراستەی رێگایەکی دروست کە بەهۆیەوە کایەکە دەچێتە قۆناغێکی زێڕین، بەم شێوەیەش یانەکان دەکەونە سەر پێی خۆیان و چیتر چاویان لە خێرو سەدەقەی حزبەکان و حکومەت نابێ، رەنگە دەستپێکی هەنگاوەکە سست بێ، لێ دڵنیام بۆ داهاتوو دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوەو هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە کوردستانیش بزنسمان و کەسانی پارەدار، دەبنە خاوەن پشک و یانە، ئەوسا لە ماوەی ٥-٦ ساڵی داهاتوو، رەنگدانەوە ئەرێنیەکە بەسەر ئاستی خول و پاڵەوانیەتیەکانمان دەبینین، بەم هۆیەشەوە وەرزش بەگشتی دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، لەگەڵ ئەوەشدا بارگرانیەکی زۆر لەسەر حکومەت لادەچێت، لێ ئەم هەنگاوانەش کاتێک دێنە دی کە حزبەکان مشەخۆرەکانیان بکێشنەوەو هەژموون و دەستێوەردانەکانیان لەسەر یانەکان نەهێڵن کە بەهۆیەوە ساڵانێکە کایەکەیان خستۆتە دۆخی چەقبەستبوون!