PM:03:51:18/07/2026
836 جار خوێندراوەتەوە
+
-
مۆندیالی 2026 لە کۆتا ساتیدایە و
ئەرجەنتین و ئیسپانیا براوەی نازناوەکە یەکلادەکەنەوە.
شەوی یەکشەممە لە کاتژمێر 10، هەردوو
هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی
یەکدەبنەوە و یارییەکەش لە یاریگای مێتلایف لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
ئەرجەنتین لەم مۆندیالەدا حەوت یاریی
ئەنجامداوە و لە سەرجەمیاندا بردنەوەی بەدەستهێناوە، یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە
19 گۆڵیان تۆمارکردووە و حەوت گۆڵیان لێکراوە.
لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی
ئەرجەنتین لەم مۆندیالەدا هەشت گۆڵی تۆمارکردووە و لە مێژوویدا شەش جار بەشداری
مۆندیالی کردووە، بە کۆی گشتی مۆندیالەکان خاوەنی 21 گۆڵ و 12 ئەسیستە لە 33
یارییدا و یەک نازناویشی بەدەستهێناوە.
ئامانجی ئەستێرەکەی تانگۆ ئەوەیە کە بۆ
دووەمجار لە مێژوویدا نازناوی مۆندیال بەدەستبهێنێت و وڵاتەکەشی بکاتە خاوەنی
چوارەم نازناوی مۆندیال لە مێژوویدا.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەم
مۆندیالەدا شەش بردنەوە و یەکسانبونێکی هەیە لە حەوت یارییدا، تەنها یەک گۆڵی لێ
تۆمارکراوە کە بەهێزترین هێڵی بەرگری هەیە و 13 گۆڵی تۆمارکردووە.
ئەرجەنتین و ئیسپانیا لە مێژوویاندا 14
جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، هەریەکەیان خاوەنی شەش بردنەوەیە و لە دوو یارییشدا
یەکسانبوون، تانگۆ 18 گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر 19 گۆڵی لارۆخا.
کێبڕکێیەکی تری ئەم یارییە
رووبەڕووبونەوەی دوو ئەستێرەی تۆپی پێیە کە ئەوانیش لیۆنێل مێسی 39 ساڵ و لامین
یاماڵی 19 ساڵن بە شێوەیەک کە ئەم دوو یاریزانە وێنەیەکی یادگاری نایابیان هەیە
کاتێک ئەستێرە ئیسپانیەکە منداڵ بووە و مێسیش لەو کاتەدا یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە
بووە.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئیسپانیا تا
چەند دەتوانێت بۆ دووەمجار لە مێژوویدا و دوای 16 ساڵ جارێکیتر بە نازناوی مۆندیال
شادبێتەوە، وە ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی مێسی تا چەند لە توانایدایە بۆ چوارەمجار
لە مێژوویدا و دووەم جاری بەدوای یەک ببێتە پاڵەوانی مۆندیال.
خ . ک