کام یاریزان لە بچوکترین تەمەندا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە؟

PM:04:24:27/06/2026

1200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کام ئەستێرەی تۆپی پێ لە بچوکترین تەمەندا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە؟ لە کام مۆندیالدا بووە و چیرۆکەکەی چۆن بووە؟

لە مێژووی مۆندیالدا چەندین ئەستێرەی تۆپی پێ بوونیان هەیە کە نازناوەکەیان بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بەدەستهێناوە بە نمونەی مێسی و پێلێ و مارادۆنا و رۆناڵدۆی دیاردە و زەینەدین زیدان و کیلیان مباپێ.

بەڵام بچوکترین یاریزان کە لە تەمەنێکی کەمدا نازناوی مۆندیالی بۆ هەڵبژاردەکەی بەدەستهێناوە ئێدسۆن ئارانتێسی بەرازیلیە کە ناسراوە بە پێلێ لە کاتێکدا لە تەمەنی 17 ساڵ و 249 رۆژدا نازناوی مۆندیالی 1958ی بۆ بەرازیل بردووەتەوە.

پێلێ بە پێکانەوە گەشتی وڵاتی سویدی کرد بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 1958، لە سەرەتادا یاریزانێکی سەرەکی نەبوو لە پلانەکانی ڤیسێنتی ڤیۆلای راهێنەردا بەڵام کاتێک لە سێیەم یارییدا بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت بەشداری پێکرا بە ئاستێکی هێندە نایاب دەرکەوت کە هاندەران هاوشێوەی رودانی بومەلەرزە باسیان کردووە.

ئەو یاریزانە لە یەکەم تۆپ وەرگرتنەوە هەمووانی سەرسام کرد، یاریگا ساردەکانی سویدی گۆڕی بۆ کەشێکی گەرم بەتایبەت بۆ یاریزانەکانی هاونیشتمانی، بە درێسێکی ژمارە 10ەوە درەوشایەوە لە یاریگاکاندا.

ئاستە راستەقینەکەی پێلێ لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا بوو بەرامبەر وێلز کە تاکە گۆڵی یارییەکەی بەشێوەیەکی نایاب تۆمارکرد دوای ئەوەی تۆپەکە بە سنگ دادەگرێت و تەنانەت بەرگریکارێکی بەرامبەر دەبڕێت و گۆڵ تۆماردەکات.

دواتر لە قۆناغی پێش کۆتاییدا لە تایمی دووەمدا هاتریکی بەرامبەر فەرەنسا تۆمارکرد، پاشان لە یاریی کۆتاییدا کە لە 29ی حوزەیرانی 1958 بەڕێوەچوو لەو یارییەدا پێلێ دوو گۆڵی بەرامبەر سویدی میواندار تۆمارکرد و بەرازیلیش بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا لە کاتێکدا پێلێ لەو کاتەدا تەمەنی تەنها 17 ساڵ و 249 رۆژ بووە

سەرهەڵدان و درەوشانەوەی پێلێ تەنها دەرکەوتنی یاریزانێکی بەتوانا نەبوو بەڵکو رزگارکەری نیشتمانی بوو بۆ هەموو بەرازیل بەتایبەت دوای ئەوەی کە خەڵکی ئەو وڵاتە هەشت ساڵ لە دەروونێکی خراپدا بوون بەهۆی ئەوەی لە مۆندیالی 1950 لە یاریگای ماراکانا لە یاریی کۆتاییدا بە ئۆرۆگوای دۆڕا بوون.

ئێستا هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی ئەوەن کە لە مۆندیالی 2026دا کام یاریزان دەتوانێت دوای 68 ساڵ ئەو ئامارە مێژووییەی پێلێ بشکێنێت و مێژووییەکی نایاب بۆ خۆی بنوسێتەوە

خ . ک