کام ئەنجامانە گەورەترینن لە مێژووی مۆندیالدا؟

PM:07:32:22/06/2026

1008 جار خوێندراوەتەوە

+ -

حەوت گۆڵەکەی ئەڵمانیا لە بەرازیل و 10 گۆڵی هەنگاریا لە ساڵی 1982 لە ئەنجامە گەورەکانی مێژووی مۆندیالن

لە جیهانی تۆپی پێدا بەتایبەت لە مێژووی مۆندیالەکاندا چەندین ئەنجامی گەورە رویانداوە کە تاڵاوی زۆری بە هاندەرانی هەندێک هەڵبژاردە بەخشیوە و جگە لەوەش هاوشێوەی برینێکی قوڵ لە جەستەی یاریزانان و هاندەراندا دەمێنێتەوە

یەکێک لە ئەنجامە گەورەکانی مێژووی مۆندیال بردنەوە گەورەکەی ئەڵمانیا بوو لە بەرازیل لە مۆندیالی 2014 بە ئەنجامی حەوت گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بە شێوەیەک کە بەرازیل لە یاریگای خۆیدا ئەو ئەنجامە قورسە بەسەردا هات و بووە هۆکاری گریانی هاندەران و شۆک بوونیان، رۆژنامەکانی بەرازیلیش ئەو ئەنجامەیان بە کارەساتێکی نیشتمانی ناوبردووە

تۆمارکردنی 10 گۆڵ لەلایەن هەڵبژاردەی هەنگاریا دژی سلڤادۆر لە مۆندیالی 1982 یەکێکە لە ئەنجامە گەورەکانی مێژووی مۆندیال و تا ئەم ساتەش ئەو سەرکەوتنە گەورەیە لە مێژوودا باس دەکرێتەوە

یەکێکیتر لە ئەنجامە گەورەکانی مێژووی مۆندیال، بردنەوەی هەڵبژاردەی یوگۆسلاڤیا بووە لە هەڵبژاردەی زائیر بە ئەنجامی نۆ گۆڵی بێبەرامبەر لە مۆندیالی 1974 بەشێوەیەک کە دەریخست هەندێک هەڵبژاردە شایستەی ئەوە نین بەشداری مۆندیال بکەن و ئەو ئەنجامەش یەکێکە لە شکستە گەورەکانی هەڵبژاردەیەکی ئەفریقی لە مۆندیالدا

لە مۆندیالی 1954یشدا هەڵبژاردەی هەنگاریا ئەنجامێکی تری گەورەی نوسیوەتەوە بە شێوەیەک کە بە سەرکردایەتی پوشکاش بە نۆ گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کۆریای باشووری بردووەتەوە

هەڵبژاردەی سوید لە مۆندیالی 1938 بە ئەنجامی هەشت گۆڵی بێبەرامبەر لە کوبای بردووەتەوە بەشێوەیەک کە نەیهێشتووە یاریزانانی کوبا هێرشی مەترسیدار دروست بکەن و یەکەم ئەنجامی گەورەش بووە لە مێژووی مۆندیالدا

لە مۆندیالی 1950 هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای یەکێک بووە لە بەهێزترینەکانی جیهان و هەشت گۆڵی لە بۆلیڤیا تۆمارکردووە، ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بە یەکێک لە ئەنجامی گەورەکانی مێژووی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دانراوە

هەشت گۆڵەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە سعودیە لە مۆندیالی 2002 یەکێکیترە لە ئەنجامە گەورەکانی مێژووی مۆندیال و ئێستاش هەر کاتێک باس لە ئەنجامی گەورە دەکرێت دەستبەجێ ئەنجامی ئەم یارییە دووبارە بە بیر دەهێنرێتەوە

هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە مۆندیالی 1974 باشترینی خۆی لە مێژووی مۆندیالدا پێشکەش کردووە و لە یەکێک لە یارییەکاندا توانیویەتی بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوە بەسەر هەڵبژاردەی هایتی بەدەستبهێنێت

یەکێکیتر لە ئەنجامە گەورەکان لە مێژووی مۆندیالدا بردنەوە نایابەکەی پۆرتوگال بوو بە سەرکردایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی 2010 بە ئەنجامی حەوت گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کۆریای باکوور

هەڵبژاردەی تورکیاش بێبەش نییە لەوەی کە ئەنجامی گەورەی لە مێژووی مۆندیال بەدەستهێنابێت بە شێوەیەک کە لە مۆندیالی 1954دا بە ئەنجامی حەوت گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی کۆریای باشووری بردووەتەوە

خ . ک