ژاپۆن بە کۆدی نهێنی جیهانی سەرقاڵ کردووە

PM:07:45:15/06/2026

676 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ژاپۆن بە کۆدی نهێنی جیهانی سەرقاڵ کردووە بە شێوازێکی نوێی تێگەیشتن لە نێوان راهێنەر و یاریزانان.

لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی ژاپۆن لە مۆندیالی 2026 بەرامبەر هۆڵەندا، مۆریاسۆی راهێنەری ژاپۆن چەندین جار بۆردێکی بە دەستیەوە گرتووە و لەو رێگایەوە رێنمایی بە یاریزانەکانداوە کە پلانەکان جێبەجێ بکەن.

راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە هەر جارە و ژمارەیەکی نوسیوە لەسەر بۆردەکە ئەوەش وەک ئاماژەیەکە بۆ یاریزانان کە لە کاتی بەرزکردنەوەی هەر ژمارەیەک لەو پلانە تێبگەن کە پێشتر لە راهێنانەکاندا دایانڕشتووە.

بەرزکردنەوەی ئەم بۆردە و نوسینی ژمارەکان لەسەری کە هەریەکەیان بۆ جێبەجێ کردنی پلانێکە بووەتە باسی سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکانیش دەڵێن ژمارەکان ئاماژە بۆ چەند پلانێکی جیاواز بە نمونەی پلانی تاکتیکی یان جوڵەیەکی دیاریکراو، یان گۆڕینی شێوازی فشارکردن و رێکخستنی نوێی شێوازی بەرگری و هێڵەکانی تر کە ئەمەش بە خێرایی دەگات بە یاریزانەکان و پێویست ناکات یاریزانێک بانگبکات و پلانەکانی پێبڵێت تا ئەوانیش یاریزانەکانی هاوڕێی لێ ئاگادار بکاتەوە.

ئەم رێگە نوێیەی راهێنەری ژاپۆن خێراترین رێگەیە بۆ گەیاندنی پلانە جیاوازەکان بە یاریزانان و دەتوانێت ببێتە رێگا خۆشکەر بۆ راهێنەرانی سەرجەم هەڵبژاردەکانیتر تا بەو خێراییە پلان بە یاریزانەکانیان بڵێن.

جگە لەو بۆردە، راهێنەری ژاپۆن شێوازێکی تری کار کردنیشی هەیە ئەویش ئەوەیە لە کاتی یارییەکاندا تێبینی لەسەر دەفتەرێک دەنوسێت کە ئەو دەفتەرەش تایبەتە و بە ناوی کۆمپانیای کۆکویۆوەیە، لەو دەفتەرەدا سەرجەم پلانەکانی هەڵبژاردەی بەرامبەر ئاشکرادەکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لە تایمی دووەمدا یاریی لە هەڵبژاردەکانی بەرامبەر تێکبدات، بە نمونەش لە مۆندیالی 2022 کاتێک لە یارییەکاندا تێبینی لەسەر ئەو دەفتەرە نوسیوە ژاپۆنی بەرەو بردنەوەی سەرسوڕهێنەر بردووە بەسەر هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیسپانیا.
خ . ک