چی دەزانیت لەسەر مێژووی مۆندیال؟

AM:11:32:11/06/2026

752 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مۆندیال کە گەورەترین و کاریگەرترین پاڵەوانێتییە لە مێژوودا بەتایبەت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان بۆ 23ەمین جار لە مێژوویدا بەڕێوەدەچێت و یەکەم مۆندیالیش لە ساڵی 1930دا ئەنجامدراوە.

هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا میوانداری مۆندیالی ئەمساڵ دەکەن و یارییەکانیش لە 16 شاری جیاواز و 16 یاریگای جیاواز ئەنجامدەدرێن، بڕیارە یاریی کۆتایی ئەم مۆندیالە لە 19ی مانگی حەوتی داهاتوو لە یاریگای مێتلایف لە شاری نیو یۆرک بەڕێوەبچێت.

لە رابردوودا 22 جار مۆندیال ئەنجامدراوە و هەڵبژاردەی بەرازیل خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژوودا بە بردنەوەی پێنج نازناو، هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا هەریەکەیان چوار نازناویان هەیە و ئەرجەنتینیش خاوەنی سێ نازناوە.

چەند هەڵبژاردەیەکی بەهێز بوونیان هەیە کە پاڵێوراون بۆ بردنەوەی نازناوەکە کە ئەوانیش فەرەنسا و ئیسپانیا و ئەرجەنتینن، لەدوای ئەوانیش هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال و بەرازیل و ئینگلتەرا لە لیستی پاڵێوراوەکاندان.

لە مۆندیالی ئەمساڵدا 48 هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە و دابەشبوون بەسەر 12 کۆمەڵەدا، 104 یاریی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامدەدرێن کە ئەوەش یەکەمجارە لە مێژوودا ئەو ژمارە زۆرە یارییە لە مۆندیالدا ئەنجامبدرێن.

میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی بە تۆمارکردنی 16 گۆڵ لە 24 یارییدا لە پێشەنگی گۆڵکارانی مێژووی مۆندیالەکاندایە بەڵام لە مۆندیالی ئەمساڵدا هەریەکە لە لیۆنێل مێسی کە 13 گۆڵی هەیە و کیلیان مباپێ کە 12 گۆڵی هەیە دەیانەوێت ئەو ئامارەی کلۆزە بشکێنن و ببنە گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالەکان.

بە مۆندیالی ئەمساڵەوە، بەرازیل تاکە هەڵبژاردەیە کە بەشداری سەرجەم 23 مۆندیالەکەی لە مێژوودا کردووە لە دوای ئەویش هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە بە 21 جار بەشداریکردن، وە ئەرجەنتینیش 19 جار بەشداریی کردووە.

لە ئێستادا هاندەران چاویان لەسەر ئەوەیە کە کام هەڵبژاردە دەتوانێت نازناوی مۆندیالی 2026 بەدەستبهێنێت، ئەرجەنتین کە دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکە بکات و بۆ چوارەمجار ببێتە پاڵەوان، یان کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت خەونە گەورەکەی بەدیبهێنێت و بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش بکاتە خاوەنی نازناوی مۆندیال، یان هەڵبژاردەی بەرازیل جارێکیتر دەیسەلمێنێت کە هەر خۆی پاشای مێژووی مۆندیالەکانە، هەڵبژاردەی فەرەنساش بە سەرکردایەتی کیلیان مباپێ ئامانجی ئەوەیە بۆ سێیەمجار لە مێژوویدا نازناوی مۆندیال بەدەستبهێنێت.

خ . ک