هەڵبژاردەی عێراق لە ژێر ڕاهێنانی گراهام ئارنۆڵد

PM:03:05:06/06/2026

1172 جار خوێندراوەتەوە

+ -

نوسینی.. سەربەست عەزیز

تیمی نیشتمانیی عێراق لە ژێر ڕاهێنانی ئارنوڵددا جیاوازتر لە هەموو کاتێک دەردەکەوێت. شێوازی یاریی ئەم تیمە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا پێشکەشکردنی تۆپی پێشکەوتوو و مۆدێرن دەکات، بوونی ژمارەیەک یاریزانی بەهرەدار و مۆغتەریب هێزی زیاتر بە هێڵەکانی تیمەکە بەخشیوە.

لە یاریی دژ بە بۆلیڤیا، ئەکام هاشم نمایشییەکی بەرز و شەڕانەی پێشکەش کرد و یەکێک بوو لە باشترین یاریزانانی ناو مەیدان.

هەروەها لە یاریی دژ بە ئیسپانیا، تیمی نیشتمانیی عێراق توانی فشاری زۆر بخاتە سەر یەکێک لە بەهێزترین تیمەکانی جیهان، ئەو تیمەی کە یاریزانانی ناوداری کڵووبەکانی بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدریدی تێدایە.

میرخاس دوسکی بە گۆڵێکی جوان و جێگای سەرنج توانی تواناکانی خۆی پیشان بدات، لە کاتێکدا ئەو هەڵمەتەش بە هاوکاری و دروستکردنی دەرفەت لەلایەن ئەکام هاشمەوە هات.

لە هەمان کاتدا، مارکۆ فەرەجیش بە جوڵانەوە و تەکنیکی بەرز سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا و دژی پاراستنی تیمی ئیسپانیا کاریگەرییەکی دیار هەبوو.

ئەگەر ئەم پێشکەوتن و گەشەکردنە بەردەوام بێت، تیمی نیشتمانیی عێراق دەتوانێت ببێتە "ئەسپی ڕەشی” پاڵەوانێتیی جیهان. تێکەڵبوونی ئەزموون، لاوانی بەهرەدار و جەواهیری تۆپی کوردی لە ناو کادری تیمەکەدا هیوایەکی گەورە دروست کردووە بۆ ئەوەی عێراق لەسەر ئاستی جیهاندا دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت.