PM:04:17:26/05/2026
780 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئاراس رواندزی
رکابەری و
ململانێکانی چەند رۆژی رابردووی هەڵبژاردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق، دەریخست
کورد لە وەرزشیشدا خۆخۆرو پەرتەوازەو بێ پلانە، مەخابن هەولێرو دهۆک و زاخۆ بە
ئاراستەیەک رۆیشتن و سلێمانی و کەرکووکیش بە ڕێگایەکی جیاوازتر هەنگاویان نا،
دواجار زیانمەندی گەورەی دەنگدانەکە کورد بوو، لە کۆی دە ئەندامی دەستەی
سەرۆکایەتی تەنها نوێنەرەکەی سلێمانی سەرکەوت، لە کاتێکدا گەر یەکدەنگ و یەکگرتوو
بوونایە، بە ئاسانی دەیانتوانی دوو تا سێ کەس بۆ ئەندامێتی سەربخەن و پۆستی جێگریش
بەدەست بێنن، بێگومان دەنگی کوردیش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یەکلاکەرەوە دەبوو.
دیارە من مەبەستم نیە باسی
سەرکەوتنەکەی یونس مەحمود بکەم، هەر بەڕاستی لاشم گرنگ نیە کێ دەچێتە سەر کورسی
سەرۆکایەتی یەکیەتی تۆپی پێی عیراق، چونکە لای من ئەو هاوکێشەیە وەک حەسەن کەچەرو
کەچەر حەسەنە!
نە عەدنان تا ئێستا خزمەتێکی ئەوتۆی بە یانە
کوردستانیەکان کردیە، نە یونس-یش تا ئێستا پلانێکی لەو شێوەیەی خستۆتە روو.
ئەوەی لێرەدا زیاتر گەرەکمە باسی لێوە
بکەم، ئەو زیانە زۆرەیە کە بە هۆی نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی نوێنەرانی کورد بەر
کوردستان کەوت، راستی من نازانم تا کەی ئێمە بەو ئەندازەیە پەرتەوازەو دژ بەیەک
دەبین؟!
باشە
پێمناڵێن کێ ڕابەرایەتی وەرزشی ئەو هەرێمە دەکات و سیاسەتی وەرزش دادەڕێژێت؟ ئاخر
تخوا رەوایە بەرژەوەندی حزبی و کەسی پێش بەرژەوەندی گشتی بخرێت؟! بەکام لۆژیک دەشێ
کەسانی حزبی و سیاسی لە بڕی وەرزشکاران بڕیاری وەرزشی بدەن؟!
ئایە دەنگی
یەک ئەندامی کورد دەتوانێ رێگری لەهەر چەشنە بڕیارێک دژی کوردستان بکات؟ لە
کاتێکدا ستەم و دژایەتی بەرامبەر نوێنەرانی کورد لە خولی ئەستێرەکان ساڵانە وەک
نەریتی لێهاتووەو کەسیش ناتوانێ بەری پێبگرێت!
بە خوێندنەوەی من تاکە هۆکاری ئەو
پاشەکشەو پاشەگەردانیە، ئەو کەس و لایەنانەن کە لە دوورەوە وەرزش ئاراستە دەکەن و
بۆ شکاندنی بەرامبەرەکانیان هیچ بنەماو بەرژەوەندییەکی نیشتیمانی لەبەرچاو ناگرن،
بۆیە تا وەرزش لە ژێر هەژموون و کاریگەری ئەواندا دەرنەچێ، یاخود تا سەربەخۆو بە
نیشتیمانی نەکرێت، ئەستەمە ئەو کایە بچێتە سەر رێچکە دروستەکەی و هەنگاو بەرەو
پێشڤەچوون بنێ.