شۆڕشەکەی نامۆی کوردان

PM:12:55:18/05/2026

768 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کورد بە درێژایی مێژوو کەسانی شۆڕشگێڕ و پاڵەوانی نەتەوەیی زۆری تێدا هەڵکەوتووە، هەر سەرکردە و جوامێرێک بەپێی کات و سەردەمی خۆی لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان جەنگاوە و قوربانی داوە، بۆیە گەر چاوێک بە لاپەڕەکانی مێژووی کورد بخشێنین، ئەوە سەدان چیرۆکی خۆڕاگری و تێکۆشانمان دێتە بەرچاو کە کارەکتەرەکانیان جێگای شانازین و رۆڵیان لە ناساندنی کورد و دۆزەکەی هەبووە، بەڵام ئێستا عەگیدێک هاتووەتە مەیدان، بە ڕێگایەکی جیاواز و بە هێزی دەست و بازووەکانی، هاوکێشەکانی خەباتی گۆڕیوە و رێگاکانیشی بۆ ناساندنی گەل و دۆزە رەواکەی زۆر کورت و ئاسان کردووەتەوە! 
نامۆ فازڵ ئەو وەرزشکارە کوردەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا توانی وەک بۆکسێنەرێکی قارەمان و لێهاتوو خۆی بناسێنێ. ئازایەتی و بوێریی (نامۆ)، هەموو جیهانی سەرسام کردووە، بۆیە زۆر جار میدیاکان بە تەنزەوە دەڵێن "نامۆ تاکە وەرزشکارە زمانی درێژە و دەستیشی درێژ!" وەک ئاماژەیەک بۆ هێنانەدی هەموو ئەو قسەو بەڵێنانەی بەر لە هەر یارییەک بە هەوادارانی دەدات.
ئەوەی لێرەدا زیاتر سەرنجی ڕاکێشاوم و مەبەستمە تیشکی بخەمە سەر، ئەو هەست و پەیامە کوردانەی نامۆی پاڵەوانە کە لە رێگەی یارییەکانییەوە بە جیهانی دەگەیەنێت. ئەو بۆکسێنەرە تۆقێنەرو پڕ لە وزە کوردانەیە، بەر لە هەر یارییەک بە چەند دێڕێک دوژمنانی کورد دەتەزێنێت و دروشمی ( ئێمە پێشمەرگەین لە مردن ناترسین) دەڵێتەوە، هەروەها بە گوڕو تین و گوتنەوەی بژی کوردستان و بەرزکردنەوەی پەرچەمی کوردانیش، وەک نەوەیەکی سەڵاحەدینی ئەیوبی خۆی دەناسێنێ،
لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیش بە تەکنیکی ماری ئەناکۆندا رکابەرەکانی دەخنکێنێت و تاڵاوی شکست بە یەک بە یەکی رکابەرەکانی دەچێژێت.
ئێستا نامۆ ترێند و ناوێکی دیاری جیهانی یارییەکان MPV و رکابەرییەکانی MMAیە، هەر وشە و پەیامێکی دەبێتە سەردێڕی میدیاکان و زۆرترین کاردانەوە دروست دەکات. جێگای خۆشحاڵییە کە خۆشی لێزانانە و کوردانە دەرفەتەکان دەقۆزێتەوە و لە پاڵ نمایشەکانی، پەیامی مەزڵومییەت و خۆڕاگری و ئازایەتی گەلەکەی بە جیهان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە ئەو هەڵوێستەی بەرز بنرخێنرێ و بە باڵێۆزی سەربەخۆیی کوردستان بناسێنیرێ، چونکە ئەو کارەی ناوبراو دەیکات، پێشتر بەهیچ کەسێک نەکراوە، یاخود لایەنی کەم بەو شێوەیە دەنگدانەوەی نەبووە، بە سیاسییەکان و ئەوانەشی لە کایەی دیکەدا ناوبانگیان پەیدا کردووە. 
لە کۆتاییدا دەمەوێ راستی ئەو تێڕوانینە دووپات بکەمەوە کە وەرزش دەتوانێ ببێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ زیاتر ناساندنی دۆزی کورد لە هەموو جیهان. لاوانمان گەر پشتیوانی بکرێن و دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، دەتوانن شانازی گەورە بەدەست بێنن و ئاڵاکەمان لە بەرزترین سەکۆکانی جیهان بشەکێننەوە، بەو مەرجەی دید و تێڕوانینی کلاسیکیانەی حکومەت بەرامبەر بە وەرزش، بۆ سیاسەتێکی زانستیانە و سەردەمیانە بگۆڕدرێت.