سێشەممە دوو یاریی بەهێز لە چامپیۆنز لیگ بەڕێوەدەچن

PM:04:12:13/04/2026

996 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چامپیۆنز لیگ بەهێزترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی ئەوروپا لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدایە و ئەم هەفتەیە یارییەکانی گەڕانەوە بەڕێوەدەچن و ناسنامەی چوار یانەی گەیشتوو بە قۆناغی پێش کۆتایی یەکلادەکرێنەوە.

شەوی سێشەممە لە کاتژمێر 10، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدی هاونیشتمانی.

لەم یارییەدا ئەرکی یانەی بەرشەلۆنە بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی زۆر قورسە بەهۆی ئەوەی لە یاریی چووندا کە لە یاریگای خۆی ئەنجامیدا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاوە.

یانە کەتەلۆنیەکە لەم یارییەدا ئامانجی ئەوەیە ریمۆنتادا بەسەر ئەتلەتیکۆ مەدریددا بکات لە کاتێکدا پێویستە بەجیاوازی سێ گۆڵ یان جیاوازی دوو گۆڵ و دواتر بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان یارییەکە بباتەوە و دەگاتە قۆناغی داهاتوو.

لە بەرامبەردا، ئەتلەتیکۆ مەدرید بە راهێنەرایەتی دێگۆ سیمیۆنی هەلی گەیشتنیان بە قۆناغی پێش کۆتایی زیاترە بەهۆی ئەوەی یاریی چوونیان بەجیاوازی دوو گۆڵ بردووەتەوە و لەم یارییەدا بە بردنەوە و یەکسانبوون و تەنانەت شکستیش بە جیاوازی گۆڵێک ئامانجەکەی بەدیدەهێنێت.

ئەم دوو یانەیە لە رابردوودا دوو جاریتر لە قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگدا رووبەرووی یەکبونەتەوە، لە هەردوو جارەکەدا ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرشەلۆنەی تیپەڕاندووە و گەیشتووەتە قۆناغی پیش کۆتایی کە ئەوەش لە ساڵانی 2014 و 2016دا بووە.

لە هەمان کات و لە یارییەکی تردا، یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە یاریگای ئانفێڵد میوانداری یانەی پاریس سان جێرمان دەکات.

پاریس بە راهێنەرایەتی لویس ئینریکی لە یاری چووندا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا و ئامانجی ئەوەیە لەم یارییەدا سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو بەدەستبهێنێت و جگە لەوەش دەیانەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەش بکەن.

لە بەرامبەردا، لیڤەرپوڵ ئەرکی زۆر قورسە تا گەیشتن بە پێش کۆتایی بەدەستبهێنێت ، پێویستە یارییەکە بە جیاوازی سێ گۆڵ یان جیاوازی دوو گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بباتەوە تا بگات بە قۆناغی داهاتوو.

خ . ک