پاریس لەسەر خواستی ئینریکی دەیەوێت برونۆ بگوازێتەوە

PM:07:12:31/03/2026

1636 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاریس لەسەر خواستی ئینریکی دەیەوێت برونۆ بگوازێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە 57 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی هەنگاوە ستراتیژییەکانی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی دەست پێ کردووە و لویس ئێنریکی راهێنەری یانەکەش چاوی بڕیوەتە تواناکانی برۆنۆ فێرناندێزی ئەستێرە و کاپیتانی یانەی مانچستەر یونایتد تاوەکو لە وەرزی نوێدا ببێتە بزوێنەری سەرەکی هێڵی ناوەڕاستی یانە پاریسییەکە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی فیخاخێس، ئێنریکی دەیەوێت سێگۆشەیەکی پورتوگالی درووست بکات کە لە برۆنۆ و ڤیتینیا و جواو نێڤێز پێکبێت تاوەکو کۆنترۆڵی تەواوی یاریگاکان بکەن و سوود لە ئەزموونە زۆرەکەی ئەم یاریزانە تەمەن 31 ساڵە وەربگرن کە لەم وەرزەی خولی ئینگلتەرا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵ و 16 ئەسیستە.

کارگێڕی یانە پاریسییەکە لە گرێبەستی ئەم یاریزانەدا کەلێنێکی یاسایی گرنگیان دۆزیوەتەوە کە بریتییە لە بوونی مەرجێکی سزایی بە بڕی 57 ملیۆن پاوەند کە تەنیا بۆ یانە بیانییەکان کارایە و ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گواستنەوەی یاریزانێک کە کارگێڕی شەیتانە سوورەکان ئامادە نین بە کەمتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری بن.

سەرەڕای ئەوەی یانە سعوودییەکان ئامادەن بڕی 100 ملیۆن پاوەند بۆ کڕینی کاپیتانەکەی ئۆڵد ترافۆرد خەرج بکەن بەڵام پڕۆژە وەرزشییەکەی پاریس و کارکردن لەژێر سەرپەرشتی لویس ئێنریکی و ژیان لە پایتەختی فەڕەنسا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی برۆنۆ ڕوو لە یانە فەڕەنسییەکە بکات.

لە بەرامبەردا کارگێڕی مانچستەر یونایتد هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تا رێگری لە رۆیشتی ئەستێرەکەیان بکەن و پلانێکیان بۆ زیادکردنی مووچەکەی ئامادە کردووە.