گواستنەوەی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ بە گرێبه‌ستى خواستن چۆنە؟

PM:07:08:02/12/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گواستنەوەی یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ بە گرێبه‌ستى خواستن

يونس عثمان علي

گرێبه‌ستى خواستن وه‌كو يه‌كێك له‌گرێبه‌سته‌ شارستانيه‌كان وا پێناسه‌كراوه‌ به‌پێى ماده‌(847) له‌ ياساى شارستانى عێراقى ژماره‌(40) ساڵى 1951كه‌ بريتيه‌ له‌ گرێبه‌ستێك کە تێیدا کەسێک شتێکی (کە لە ڕێگەی بەکارهێنانەوە لەناو ناچێت و زیانی پێناگات) دەدات به‌ کەسێکی تربۆ ئەوەی بە بێ به‌رامبه‌ر بەکاری بهێنێت، به‌و مەرجەی کە دوای بەکارهێنانى بیگەڕێنێتەوە. ئەم خواستنه‌ جێبەجێ نابێت مەگەر بە وەرگرتنی شتەکە نه‌بێت. هه‌ر له‌م چوارچێوەیەدا لە گۆڕەپانی وەرزشیدا گرێبەستی خواستن بە ڕێککەوتنێکی سێ لایەنە پێناسە دەکرێت کە یاریزانێک بە شێوەیەکی کاتی لە یانەکەیەوە (یانە ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى) دەگوازرێتەوە بۆ یانەیەکی دیکە (یانە نوێيه‌كه‌ى) بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لە کاتێکدا یانە ڕه‌سه‌نه‌كه‌ مافە بنەڕەتییە گرێبەستییەکانی خۆی لە بەرامبەر یاریزانەکەدا دەپارێزێت و دەهێڵێتەوە.

ئه‌وه‌ى جێگه‌ى ئاماژه‌ بۆكردنه‌،‌ ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌سته‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك تايبه‌تمه‌ندى له‌وانه‌ خه‌سڵه‌تى ڕه‌زامه‌ندى هه‌ر سێ لايه‌نى گرێبه‌ستكار واتا يانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى پێشووترى ياريزانه‌كه‌ وه‌ يانه‌ نوێيه‌كه‌ كه‌ ياريزانه‌كه‌ بۆى ده‌چێت له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندى خودى ياريزانه‌كه‌، هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ گرێبه‌سته‌ ماوه‌كه‌ى دياريكراوه‌به‌پێى ڕێسا و ياساكانى يه‌كێتى تۆپى پێى جيهانى(FIFA)، وه‌هه‌روه‌ها گرێبه‌ستێكى پابه‌ندكاره‌ بۆ هه‌ردوو لايه‌نى گرێبه‌ستكار، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش گرێبه‌ستێكى پاشكۆيه‌ واتا په‌يوه‌سته‌ به‌ بڕگه‌كانى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌ نێوان ياريزان و‌ يانه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى ‌ هه‌يه‌ بۆ نمونه‌ نابێت ماوه‌ى خواستن زياتر بێت له ‌ماوه‌ى گرێبه‌ستى نێوان ياريزان و يانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى.

ئه‌وه‌ى لێره‌دا‌ بۆمان ڕونده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ جياوازى هه‌يه‌ له‌ نێوان گرێبه‌ستي خواستن كه‌ له ‌ياساى شارستانى ڕێكخراوه‌ له‌گه‌ڵ گرێبه‌ستى خواستنى ياريزانى تۆپي پێى پيشه‌گه‌ر كه‌ له‌لايه‌ن ڕێساكانى فيفاوه‌ باس كراوه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاڵێكى بنه‌ڕه‌تى كه ‌له‌ خواستنى شارستانى زياتر له‌سه‌ر شتێكى مادى به‌رجه‌سته‌يه‌‌ کە کەسێک بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەبێ بەرامبەر سوودی لێ وەرده‌گرێت، به‌ڵام خواستنى وه‌رزشى بريتيه‌ له‌ سوود بينين له‌ چاڵاكى ياريزانه‌كه‌ وه‌ زۆربه‌ى كاتيش به‌ به‌رامبه‌ره‌ كه‌ يانه‌كه‌ وه‌ريده‌گرێت و بەدەستی دەهێنێت.

گرێبەستی خواستنى ياريزان چەند جۆرێکی هەیە: یەکەمیان بە خواستنێکی کاتییە، واتە یاریزانەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەچێتە یانەيه‌کى نوێ، بەزۆری ساڵێک، دواتر دوای تەواوبوونی خواستنەکە دەگەڕێتەوە یانەکەى پێشوترى. دووەمیان بە خواستن بە بژاردەی کڕین، لەو حاڵەتەدا بڕگەیەک لە گرێبەستەکەدا هەیە کە ئەگەر بیەوێت مافی کڕینی یاریزانەکە دەدات بەو یانەیەی کە بە خواستن چووە بۆی، یان لە کۆتایی ماوەی خواستنەکەدا یان لە ماوەی خواستنەکەدا. لێرەدا دەتوانین بڵێین گرێبەستی خواستنیش بەڵێنێکە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لە داهاتوودا ئەگەر یانەکە بیەوێت بيکڕێت. جۆری سێیەم بە خواستنی زۆرەملێیە، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە یانەیەک بە خواستنى ناچارى پێشکەشی یاریزانێک بکات له‌ژێر ڕۆشنايى یاساکانی يه‌كێتى تۆپى پێى جيهانى فیفا و يه‌كێتيه‌ وه‌رزشيه‌ ناوخۆيه‌كان. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە یانەیەک سزا دەدرێت بەهۆی پابەندنەبوونی به‌ یاساکانی تایبەت بە بەدەستهێنان وكڕيني یاریزان، بەهۆی کڕینی یاریزانی زیاتر لەوەی ڕێگەپێدراوە، یان کاتێک هەندێک خول سنوورێکیان بۆ ژمارەی یاریزانە بیانییەکان داناوە کە بتوانن له‌يانه‌ك يارى بكه‌ن، ئەمەش یانەکە ناچار دەکات یاریزانی زیاتر لە ڕێگەی پێدراوەوە دەربهێنێت وه‌ بيفرۆشێت وبه‌خواستن بيدات به‌يانه‌يه‌كى ديكه‌.

سه‌ربارى ئه‌وانه‌ى باسمان كرد، چه‌ند مه‌رجێكى دياريكراو هه‌يه‌ بۆ شێوازى خواستنى ياريزانه‌ پيشه‌گه‌ره‌كانى تۆپى پێى، له‌وانه‌ نابێت ياريزان له‌يه‌ك وه‌رزى خولێكدا له‌ جارێك زياتر به‌ ‌خواستن بدرێت، وهه‌روه‌ها ده‌بێت گرێبه‌ستى خواستن به‌شێوه‌ى نووسراو بێت و واژووى هه‌ردوو يانه‌و ياريزانه‌كه‌ى له‌سه‌ر بێت، وه‌به‌شێوه‌يه‌كى گشتى چه‌ند ياسايه‌ك ڕێساكانى تايبه‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ى ياريزان به‌شێوى خواستن له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌بێت‌ له‌وانه‌ ڕێساكانى يه‌كێتي تۆپي پێى جيهانى(FIFA)، وه‌ ڕێساكانى يه‌كێتى تۆپي پێى ناوخۆى وڵاتان و هه‌روه‌ها ياساى شارستاني و ياساى كار له‌و حاڵه‌تانه‌ي ياساكاني تايبه‌تي يه‌كێتيه‌ وه‌رزشيه‌كان ڕێكيان نه‌خستووه‌.