مانچستەر یونایتد ڕۆناڵدۆ لە پێناو زیدان بەکاردەهێنێت

PM:02:12:14/11/2021

2460 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مانچستەر یونایتد دەیەوێت ڕۆناڵدۆ بەکاربهێنێت بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵ زیدان.

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەڕیتانی بڵاویکردەوە، تا ئێستاش گومان هەیە لەسەر مانەوەی ئۆلی گۆنار سۆڵشایەری ڕاهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد لە پۆستەکەیدا.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندوە، خێزانی گلایزەری خاوەنداری یانەی مانچستەر یونایتد ڕازینین لە ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی یانەکەیان بەتایبەت دوای ئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی گەورە و خراپی ئەنجامەکانیانەوە.

ئاشکراشیکردووە، ئامانجی یەکەمی ئێستای بەرپرسانی یانە ئینگلیزیەکە گرێبەستکردنە لەگەڵ زەینەدین زیدانی فەرەنسی و ڕاهێنەری پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە ئەگەری دوورخستنەوەی سۆڵشایەردا.

ئاماژەی بەوەشداوە، خاوەنداری مان یونایتد دەیانەوێت کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و رافاێل ڤاران بەکاربهێنن بەمەبەستی ڕازیکردنی زیدان بە وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکەیان چونکە لە ڕابردوودا هاوڕێیەتیەکی نزیک لەنێوان ئەو سیانەدا هەبووە.

ڕونیشیکردوەتەوە، تەنیا یەک بەربەست هەیە بۆ گرێبەست کردن لەگەڵ زیدان ئەویش ئەوەیە کە ڕاهێنەرەکە دەیەوێت لە دوای مۆندیالی 2022، پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا وەربگرێت.

خ . ک