جامی تۆرنتۆ.. فرێتز بە بردنەوە لە روبلێڤ گەیشتە پێش کۆتایی

PM:03:04:06/08/2025

132 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی تۆرنتۆ فرێتز بە بردنەوە لە روبلێڤ گەیشتە پێش کۆتایی و دی مینۆر ماڵئاواییکرد.

لە درێژەی یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی تۆرنتۆ بۆ تێنسی سەرزەوی، تایلۆر فرێتزی ئەمریکی بەرامبەر ئەندرێ رۆبلێڤی روسی یارییکرد.

لە کۆمەڵەی یەکەمدا، فرێتز بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و بە ئەنجامی شەش بە سێ گێم لە سوودی خۆی کۆتایی پێهێنا.

لە کۆمەڵەی دووەمدا کێبڕکێیەکی بەهێز بینرا و رۆبلێڤ هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە بەڵام بە ئەنجامی حەوت بە شەش گێم لە سوودی فرێتز کۆتاییهات و سەرەنجام یارییەکەی بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر بردەوە.

لە یارییەکی تریشدا، ئەلێکس دی مینۆری ئوستراڵی رووبەڕووی بین شیلتۆنی ئەمریکی بووەوە و دوای یەک کاتژمێر و 38 خولەک بە دوو کۆمەڵەی بێبەرامبەر یارییەکەی پێدۆڕاند.

دوای ئەو ئەنجامانە، هەریەکە لە فرێتز و بن شیلتۆن سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی پێش کۆتایی بەدەستهێنا و لەو قۆناغەشدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ئەندرێ روبلێڤ و دی مینۆر ماڵئاواییانکرد.

خ . ک