دەرماڵەی یاریزانەکانی ئۆکلاند سیتی چەندە؟ ئۆکلاند سیتی وەڵامی ئێن ئاڕ تی سپۆرتی داوەتەوە

PM:06:13:22/06/2025

328 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یانەی ئۆکلاند سیتی وەڵامی ئێن ئاڕ تی دایەوە و کەمی دەرماڵەی یاریزانەکانی بەراورد بە یانە ئەوروپییەکانی دیکە دوپاتکردەوە.

ئێن ئاڕ تی، بەدواداچوونی زیاتری کردووە بۆ راستی ئەو رووداوەی لە میدیاکاندا هەرای نایەوە، دوای ئەوەی وێنەی گۆڵچی ئەو یانەیە بڵاوکرایەوە، گوایە لەبەر کەمی دەرماڵەکانیان لە یانەی ئۆکلاند سیتی، ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کاریتر بکەن.

یانەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندووە، یاریزانەکانیان بڕی 45 دۆلاری ئەمریکی وەکو دابینکردنی پێداویستی مەشق و راهێنان و پارەی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکان وەردەگرن.

ئەوەشیان ئاشکراکردووە، بە گوێرەی یاسای یەکێتی تۆپی پێی نیوزلەندا، یاریزانەکان هەفتانە بڕی 90 دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن، ئەوەش بۆ سەرجەم یانەکانی دیکەی خولەکە بە هەمان شێوەیە.

یانەی ئۆکلاند سیتی کە ئێستا لە جامی جیهانی یانەکان بەشدارە، دوو یاریی لەو پاڵەوانێتییە بەرامبەر بایرن میونشن و بەنفیکا ئەنجامداوە، یاریی یەکەم بە ئەنجامی 10 گۆڵی بێ وەڵام و یاریی دووەم بە ئەنجامی شەش گۆڵی بێوەڵام تووشی شکستبوو.