جامی هالە.. مێدڤیدێڤ و بۆبلێک گەیشتنە یاریی کۆتایی

AM:11:00:22/06/2025

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی هالە مێدڤیدێڤ و بۆبلێک گەیشتنە یاریی کۆتایی و زڤیرێڤ و خاشانۆڤ ماڵئاواییانکرد.

لە درێژەی یارییەکانی جامی هالە بۆ تێنسی سەرزەوی و لە قۆناغی پێش کۆتاییدا، دانێل مێدڤیدێڤی روسی لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر ئەلیکساندەر زڤیرێڤی ئەڵمانی یارییکرد.

یارییەکە کێبڕکێیەکی بەهێزی بەخۆوە بینی و کۆمەڵەی یەکەم بە ئەنجامی حەوت بە شەش گێم لە سوودی مێدڤیدێڤ کۆتاییهات بەڵام زڤیرێڤ بە بردنەوەی کۆمەڵەی دووەم بە هەمان ئەنجام یارییەکەی یەکسانکردەوە.

لە کۆمەڵەی سێیەمدا، هەردوو یاریزانەکە بەردەوام بوون لە کێبڕکێ کرد و سەرەنجام بە ئەنجامی شەش بە چوار گێم لە سوودی مێدڤیدێڤ کۆتاییهات و دوای دوو کاتژمێر و 57 خولەک یارییەکەی بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک بردەوە و سەرکەوتنی بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەدەستهێنا و زڤیرێڤیش ماڵئاواییکرد.

لە یارییەکی تریشدا، ئەلیکساندەر بۆبلێک رووبەڕووی کارین خاشانۆڤ بووەوە و بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک بردنەوەی بەسەردا بەدەستهێنا و بۆ رووبەڕووبونەوەی مێدڤیدێڤ گەیشتە یاریی کۆتایی.

خ . ک