گاتوسۆ دەبێتە راهێنەری ئیتاڵیا

AM:08:43:15/06/2025

152 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گاتوسۆ لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئیتاڵیا رێککەوتووە و دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزۆ رۆمانۆ، راهێنەری داهاتووی ئازۆری، جینارۆ گاتوسۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەکە دەبێت.

گاتوسۆ جێگەی لوچیانۆ سپالێتی دەگرێتەوە کە بە رێککەوتنێکی دوولایەنە لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی ئەو وڵاتە وازی لە پۆستەکەی هێنا ئەویش پاش ئەنجامە خراپەکانی.

جینارۆ لەگەڵ یانەی سیۆنی سویسری دەستی بە کاری راهێنەری کرد، دواتر چەندین یانەی نێوخۆیی و دەرەکیی تاقیکردەوە لەوانە؛ ئۆ ئێف ئای یۆنانی، پیزای ئیتاڵی، ئەی سی میلان، ناپۆلی، ڤالانسیا، مارسێلیا و هایدوکی کرواتی.

گاتوسۆ سەرەڕای ئەوەی راهێنەری چەندین یانەی کردووە، بەڵام دەستکەوتەکانی کەمن و تەنها یەک جامی بەدەستهێناوە ئەویش جامی ئیتاڵیا بوو لەگەڵ یانەی ناپۆلی.