کاسترۆ: رۆنالدۆ راهێنانی نەبینراو دەکات

PM:07:06:20/05/2025

684 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کاسترۆی راهێنەری پێشووی رۆناڵدۆ لە نەسڕ باس لە هۆکاری تەمەندرێژی ئەستێرەکە دەکات لە تۆپی پێدا.

ڕۆناڵدۆ زیاتر لە 20 ساڵە لە لوتکەی تۆپی پێی جیهاندایە، ئەستێرەیەک کە بە خێرایی بوو بە ناوێکی گەورە دوای جێهێشتنی سپۆرتینگ و پەیوەندیکردن بە مانچستەر یونایتدەوە لە ساڵی 2003، ڕیکۆردی بێشوماری شکاند لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ یونایتد، ڕیاڵ مەدرید، یۆڤانتۆس و ئێستاش لە خولی رۆشەنی سعودیە لەگەڵ یانەی نەسڕ یاریدەکات.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی درێژخایەنی ڕۆناڵدۆ، دوورکەوتنەوە بووە لە پێکانە قورسەکان بە درێژایی ژیانی تۆپی پێی، هەروەها سیستەمێکی تایبەتی پەیڕوەکردووە بۆ خواردنو راهێنانکردنی تا بتوانێت توانای جەستەی خۆی بپارێزێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ سکای سپۆرت سەبارەت بە ئاستی یاریزانەکە، کاسترۆی راهێنەری پێشووی نەسڕ، وتی: کارکردن لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان جێگەی خۆشحاڵییە، کریستیانۆ خشتەی ڕۆژانەی ڕێکوپێکی هەیە، کلتورێکی مەشقکردنی چەسپاوی هەیە، گرنگییەکی زۆر بە کاتەکانی راهێنانکردن دەدات ئەوەش وایکردووە ئەرکی ئاسانتر بێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ڕۆناڵدۆ لە یاریزانانی دیکەی جیهان جیادەکاتەوە، راهێنەرەکەی پێشووی نەسڕ وتی: ئەوەی ڕۆناڵدۆ جیادەکاتەوە ئەوەیە کە پێش ڕاهێنان و دوای ڕاهێنانەکان دەیکات، ئەوەی پێی دەڵێن ڕاهێنانی نەبینراو، ڕەفتارەکانی بە تەواوی لەگەڵ ئاستی وەرزشیدا گونجاوە، گرنگییەکی زۆر بە رێجیمکردن و خەوتنی دەدات، ئەمانەش هۆکاری تەمەندرێژی ئەم ئەستێرەیەن لە تۆپی پێدا.