ئینتەر میلان لە ناوبژیوانی یارییەکەیان توڕەن

AM:11:18:19/05/2025

384 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینتەر میلان بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە ناوبژیوان هیچ لێدوانێکیان پاش یارییەکەی لازیۆ نەدا.

پاش ئەوەی شەوی رابردوو ئینتەر میلان لە کۆتا خولەکەکان لێدانیکی سزای لەسەر گیراو گۆڵی یەکسانی لێ تۆمارکرایەوە، بووە هۆی ئەوەی نەگەڕێنەوە بۆ پلەی یەکەمی خولی ئیتاڵیا و هەلێکی زێڕینیان پێش کۆتا هەفتە لەدەستدا، ئەمەش وایکرد یانەکە بە تەواوی لە بڕیاری ناوبژیوان توڕە بن و لە یارییەکەدا ئینزاگی راهێنەر بە کارتی سور کرایە دەرەوە، پاش یارییەکەش هیچ ئەندامێکیان لێدوانیان بۆ راگەیاندنەکان نەدا.

لاگازیتا لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکەیەوە ڕایگەیاندووە، هەموو شتێک بێدەنگە، هیچ لێدوانێک نەدراوە، ئینتەرمیلان دوای یارییەکەی بەرامبەر لازیۆ بڕیاریدا بێدەنگ بێت وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بڕیاری ناوبژیوان.

هەروەها نوسیویەتی: ئینزاگی بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە ژووری جلگۆڕین لەگەڵ یاریزانان و ستافی تەکنیکی مایەوە و نەهاتە دەرەوە، لەم ماوەیەشدا سەرقاڵی قسەکردن بوو لەگەڵیان.

لە ئێستاشدا پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا کۆتا هەفتە یەکلایدەبێتەوە، کە تێیدا ناپۆلی پێشەنگ کە 79 خاڵی هەیە بەرامبەر کالیاری یاری دەکات لە یاریگای خۆیدا، ئینتەر میلانیش کە خاوەنی 78 خاڵە روبەڕووی کۆمۆ دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی.