یۆڤانتۆس چەند هێرشبەرێکی کردووەتە ئامانج

PM:01:17:27/04/2025

204 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یۆڤانتۆس نیگەرانە لە دانووستانەکانی ئۆسیمین لەگەڵ مان یونایتد و چەند هێرشبەرێکیشی دیاریکردووە.

یانەی یۆڤانتۆس لە وەرزی داهاتوو بەتەواوەتی گۆڕانکاری لە هێڵی پێشەوەی دەکات، چونکە ڕاندال کۆلۆ موانی بە خواستن لە یانەی پاریس سان جێرمانەوە هاتووە و دەگەڕێتەوە یانەکەی، دوسان ڤلاهۆڤیچیش پێدەچێت لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بفرۆشرێت دوای ئەوەی رەتیکردەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ بیانکۆنێری نوێ بکاتەوە.

پێگەی توتۆسپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ڤیکتۆر ئۆسیمین هێشتا ئامانجی ژمارە یەکە بۆ خانمە پیرەکە، بەڵام هێرشبەرە نەیجیرییەکە لە ئێستادا لەگەڵ مانچستەر یونایتد لە گفتوگۆدایە و گواستنەوەی لە ناپۆلییەوە بەلایەنی کەمەوە 70 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، پێشکەوتنی دانوستانەکانیشی لەگەڵ شەیتانە سورەکان نیگەرانی جددی بۆ بەڕێوەبەرانی یۆڤی دروستکردووە.

بیانکۆنێری جیا لە ئەستێرەکەی ناپۆلی کە لە ئێستادا بە خواستن بۆ گالاتەسەرای یاری دەکات، دوو هێرشبەری تری دیاریکردووە لە یانەی ئەتڵانتا کە ئەوانیش، ماتیۆ رێتێگی و ئادێمۆلا لووکمانن.

توتۆسپۆرت جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، کڕینی ڕێتیگی بەلایەنی کەمەوە 50 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، لە لایەکی دیکەوە جۆناسان دەیڤد بەردەستە و دەکرێت وەکو یاریزانێکی ئازاد بگوازرێتەوە بەڵام مووچەکەی زۆرە، هەروەها یانەکە دەتوانیت لیام دیلاپی هێرشبەری ئیپسویچ تاون بگوازێتەوە کە نرخی 35 ملیۆن یۆرۆیە.