ئەنچیلۆتی: شایستەی پاڵەوانبوون بووین

AM:10:00:27/04/2025

668 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنچیلۆتی دوپاتیکردەوە شایستەی بردنەوە بوون و رەتیشیکردەوە لەبارەی ناوبژیوانەوە لێدوان بدات.

پاش شکستهێنانیان بەرامبەر بەرشەلۆنە لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یارییەکی قورس بووە بۆیان و لە تایمی یەکەم خراپ بوون، بەڵام تایمی دووەم ئەوان لە یانەی بەرامبەر بەهیزتر بوون و شایستەی سەرکەوتن بوون، بەڵام وردەکاری بچووک یارییەکەی یەکلایکردووەتەوە و هیچ رەخنەیەکی نییە بۆ یاریزانەکانی.

سەبارەت بە یەدەگبوونی مباپێ وتی: توانای یاریکردنی 90 خولەکی نەبوو، بۆیە پێم باش بوو لە گێمی دووەمدا بەکاریبهێنم کاتێک ڕیتمی یارییەکە کەمێک دابەزیبوو، یارییەکی زۆر باشی کرد، گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد، بەڵام نەیدەتوانی 90 خولەک یاری بکات، هەر ئەمەش وایکرد لە تایمی دووەمدا هاتە نێو یاریگا.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، ئارەزووی دەکرد نازناوەکە بەدەستبهێنن، ئەوەی لە توانایاندا هەبوو کردیان لەبەر ئەوەش هیچ رەخنەیەکی لە یاریزانەکانی نییە.

رەتیشیکردەوە، لەبارەی ناوبژیوانەوە قسەبکات، دەربارەی ئایندەشی روونیکردەوە لە هەفتەکانی داهاتوو رووندەبێتەوە.

وتیشی: رۆدیگەر یارییەکی نایابی کرد، تا توانی خۆی ڕاگرت، زۆر ماندوو بوو، ئیتر نەیتوانی بەردەوام بێت و هەوڵەکانی بەرز دەنرخێنم، هەوڵێکی باوەڕپێنەکراوی دا، پێکانی نەبوو، تەنها زۆر ماندوو بوو و هیچ هێزێکی نەمابوو.