درجال وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق مایەوە

AM:09:58:20/04/2025

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

عەدنان درجال وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق مایەوە و دەنگیش بە بودجەی داهاتووی یەکێتییەکە درا.

دوێنی واتە رۆژی شەمە، کۆبوونەوەی دەستەی گشتی یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەکۆی 55 ئەندامی دەستەی گشتی 39 ئەندام ئامادەبوون، بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسای ئەندامان کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێر دواکەوت و لە کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەچوو.

لە کۆوونەوەکەدا، عەدنان درجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق کێبڕکێکەی لە نەیارەکانی لەنێو یەکێتییەکە بردەوە و راپۆرتی دارایی و کارگێڕی پەسەند کران و دەنگ بە بودجەی داهاتووی یەکێتییەکەش درا.

پێنج مانگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی یەکێتی تۆپی پێی عێراق ماوە، کە نزیکەی چوار ساڵە عەدنان درجال سەرۆکایەتی دەکات و لە رۆژانی رابردووش میدیا وەرزشییەکانی عێراق باسیان لەوەدەکرد ئەگەری هەیە یەکێتییەکە هەڵدەوەشێنرێتەوە و یەکێتییەکی کاتی لە جێگای دادەنرێت.

پێشتر فیفا بە نووسراوی فەرمی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی ئاگادار کردبووەوە، تەنیا دەستەی گشتی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکەی هەیە و رەتیکردبووەوە ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشی ئەو دەسەڵاتەی هەبێت.