فلیک: لیڤاندۆڤسکی باشترین یاریزانی جیهانە لە بەردەم گۆڵدا

PM:10:00:06/10/2024

172 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فلیک لیڤاندۆڤسکی بەباشترین یاریزانی جیهان لە بەردەم گۆڵدا ناوبرد و دڵتەنگی بۆ پێکانی کارڤاخاڵیش دەربڕی.

پاش بردنەوەیان لە ئالاڤێس، هانسی فلیکی راهێنەری بەرشەلۆنە رایگەیاند، یانەی بەرامبەریان یانەیەکی بەهێز بووە بە فشارێکی زۆرەوە یارییان دەکرد لەبەر ئەوەش بە تەواوی لە یاریزانەکانی و ئەنجامەکە رازییە لە هەردوو تایمەکەدا.

لە ستایشی لیڤاندۆڤسکیشدا وتی: هەموو تیمەکە پشتگیری لیڤایان کرد، هەموومان دەزانین کە ئەو باشترینی جیهانە لەبەردەم گۆڵەدا، زۆر دڵخۆشم بۆ لیڤا کە هاتریکی تۆمار کرد، ڕوونە یاریزانەکە گەیشتووەتە ئامادەیەکی تەواو.

راهێنەرەکە رەتیکردەوە بەراوردی نێوان ئەم تیپەی بکات بە ئەو تیپەی کاتێک راهێنەری بایرن بوو، لەو بارەیەوە باسی لەوەکرد، یاریزانەکان جیاوازن و بارودۆخەکەشیان جیاوازە و هەمووانیش دەزانن لە تۆپی پێدا دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا هەموو شتێک بگۆڕێت.

وتیشی: هیوای سەلامەتی بۆ کارڤاخاڵ دەخوازم، ئەو یارییەکی زۆر باشی ئەنجامدەدا، سەبارەت بە فێران تۆرێسیش ماوەی دورکەوتنەوەی نازانم بەڵام هیوادارم پێکانەکەی قورس نەبێت چونکە بە نەبوونی هێزی هێرشبردنمان کەم دەکات.