جامی مەدرید.. ئەلکاراز بە روبلێڤ دۆڕا و ماڵئاوایی کرد

AM:11:17:02/05/2024

120 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جامی مەدرید روبلێڤ و فرێتز بە بردنەوە لە ئەلکاراز و سێروندۆلۆ گەیشتنە قۆناغی پێش کۆتایی.

لە یارییەکانی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی مەدرید بۆ تێنسی سەر زەوی پیاوان، ئەندیە روبلێڤی روسی و کارلۆس ئەلکارازی ئیسپانی لە یارییەکی بەهێزدا رووبەرووی یەکتر بوونەوە.

یارییەکە وەک چاوەڕوان دەکرا ململانێییەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و ماوەی دوو کاتژمێر و خولەکێکی خایاند، لە کۆمەڵەی یەکەمیشدا ئەستێرە ئیسپانییەکە شەش بە چوار بردیەوە، بەڵام روبلێڤ لە دوو کۆمەڵەی دواتردا بە لێهاتووی توانی شکست بە ئەلکاراز بهێنێت، بە شێوەیەک کۆمەڵەی دووەم شەش بە سێ و کۆمەڵەی سێیەم ویەکلایی کەرەوە شەش بە دوو بوون.

لە یارییەکی دیکەی هەمان قۆناغدا تایلۆر فرێتزی ئەمریکی و فرانسیسکۆ سێروندۆلۆی ئەرجەنتینی بەیەکگەیشتن، فرێتز بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر بە کۆمەڵەیەک یارییەکەی لە سودی خۆی کۆتایی پێهێنا.

دوای ئەم ئەنجامانە روبلێڤ و فرێتز گەیشتنە یاری پێش کۆتایی و ئەلکاراز و سێروندۆلۆ ماڵئاواییان کرد.