چی دەزانیت لەسەر رووبەڕووبونەوەی پاریس و دۆرتمۆند

PM:04:23:30/04/2024

1760 جار خوێندراوەتەوە

+ -

قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ بەردەوامی هەیە و چوارشەممەش بە ئەنجامدانی رووبەڕووبونەوەیەک یارییەکانی چوونی ئەو قۆناغە کۆتاییدێت.

لە کاتژمێر 10 یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی پاریس سان جێرمان دەکات و دەیەوێت بەردەوامیبدات بە ئەنجامە نایابەکانی.

ئەو دوو یانەیە لە قۆناغی کۆمەڵەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگدا لە هەمان کۆمەڵەدا بوون، لە یاریەکدا پاریس بردنەوەی بەدەستهێنا بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر، لە یاریەکەی تریشدا بە گۆڵێک یەکسانبوون.

بروسیا دۆرتمۆند دەیەوێت بە سوود وەرگرتن لە یاریگای خۆی و پشتگیری کردنی هاندەران ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت تا لە یاری گەڕانەوەدا رووبەڕووی کێشە نەبێتەوە.

لە بەرامبەردا، یانە فەرەنسیەکەش دوای تێپەڕاندنی بەرشەلۆنە لە قۆناغی رابردوودا، متمانەیەکی زۆریان بۆ دروستبووە و هیوایەکی زۆریان بەوە هەیە بتوانن بە ئەنجامێکی نایابەوە بگەڕێنەوە یاریگای خۆیان.

دۆرتمۆند و پاریس لە مێژوودا شەش جار لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا رووبەڕووی یەکبونەتەوە، یانە ئەڵمانیەکە یەک بردنەوەی بەدەستهێناوە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە، یانە فەرەنسیەکەش دوو بردنەوەی هەبووە و حەوت گۆڵی کردووە، لە سێ یاریشدا یەکسانبوون.

کیلیان مباپێی یاریزانی پاریس سان جێرمان ئەو ئەستێرەیەیە کە زۆرترین چاوی لەسەرە تا بتوانێت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یانەکەی بە نازناوی چامپیۆنز لیگ شاد بکات، جگە لەوەش هەموو هەوڵێک دەدات تا نایابترین وێنەی خۆی پیشانبدات پێش ئەوەی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە بکات.

خ . ک