تین هاگ دوایین ساتەکانی لەگەڵ مان یونایتد بەڕێدەکات

PM:03:40:30/04/2024

180 جار خوێندراوەتەوە

+ -

تین هاگ دوایین ساتەکانی لەگەڵ مان یونایتد بەڕێدەکات و بەرپرسانی ئەیاکسیش چاودێری دەکەن.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەڕیتانی ئاشکرایکردووە، مانەوەی ئیریک تین هاگی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد لە ئەرکەکەی مسۆگەر نییە دوای ئەوەی ئەو یانەیە لە گەیشتن بە چامپیۆنز لیگی وەرزی داهاتوو بێهیوا بوو.

رۆژنامەکە ئاشكرایکردووە، بەرپرسانی یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی چاودێری بارودۆخی تین هاگ لەگەڵ شەیتانە سوورەکان دەکەن و ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی بدرێت ئەوا دەستبەجێ هەوڵی گەڕاندنەوەی دەدەن و گرێبەستی پێشکەش دەکەن تا جارێکیتر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەیان وەربگرێتەوە.

رونیشیکردووەتەوە، تا ئەم ساتە تین هاگ و ستافی یاریدەدەری رەتیدەکەنەوە کە راهێنەرایەتی مان یونایتد جێبهێڵێن بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجامەکانی خراپ بووە لەگەڵ یانەکەیدا ئەگەری دوورخستنەوەی زۆرە، یەکلاکردنەوەی داهاتووشی دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە.

تین هاگ لە ساڵی 2017 تا 2022 راهێنەری یانەی ئەیاکس ئەمستردام بووە، لە 215 یاریدا خاوەنی 159 بردنەوە و 27 یەکسانبوون و 29 شکست بووە، شەش نازناویشی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.

خ . ک