کەس فاتی ناوێت و داهاتووی نادیارە

PM:05:22:29/04/2024

320 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فاتی لە بارودۆخێکی سەختدایە و نە برایتۆن خواستنەکەی درێژدەکاتەوە نە بەرشەلۆنە نیازی هێشتنەوەی هەیە.

ئەنسۆ فاتی هاوینی ڕابردوو بە خواستن لە بەرشەلۆنەوە پەیوەندی بە برایتۆنەوە کرد بۆ ئەوەی بگەڕێنێتەوە سەر ئاستە باشەکەی کە بەهۆی پێکانەوە لەدەستیدابوو، تا پاش ئەوە دووبارە بچێتەوە لە ریزەکانی یانەکەی کەتەلۆنیا درێژە بە یاریکردنی بدات، بەڵام تا ئێستا لەم وەرزەدا لە 28 یاری و 1027 خولەک تەنیا 4 گۆڵی تۆمارکردووە.

لە ئێستادا بەپێی بڵاوکراوە رۆژنامەوانییەکان، فاتی کێشەی لەگەڵ ڕۆبێرتۆ دی زێربی ڕاهێنەری برایتۆن هەیە و لە لیستی یاریزانەکانی ئەم دواییەی یانەکە بەرامبەر برێنتفۆرد نەبینرا و راهێنەرە ئیتاڵییەکە پشتی پێنابەستێت، لەلایەکی تریشەوە بەرشەلۆنە ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

لە کۆتا یارییاندا برایتۆن بە سێ گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر بۆرنمۆس تووشی شکست هاتن، کاتێک پرسیار لە دی زێربی کرا سەبارەت بە داهاتووی فاتی، لە وەڵامدا وتی: فاتی یاریزانێکی گەورە و بەتوانایە، بەڵام نازانم، باشتر وایە ئەم پرسیارە لە بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە بکرێت.

ئەنسۆ فاتی پێشتر بە جێگرەوەی میسی لە بەرشەلۆنە ناویدەهێنرا، بەڵام دواتر پێکانە یەک لەدوای یەکەکان وایانکرد ئاستی بەرەو دابەزین بڕوات، لە ئێستادا داهاتووی ناڕوونە چونکە نە برایتۆن دەیەوێت درێژە بە خواستنەکەی بدات، نە بەرشەلۆنەش ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.