نوێترین چاوپێکەوتنی میسی

PM:09:02:06/03/2023

8876 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میسی دوپاتیکردەوە ئامانجیان بردنەوەیە لە بایرن میونشن و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە و مباپێش لە یاری کۆتایی مۆندیال کارێکی سەرنجڕاکێشی ئەنجامدا.

لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی فەرمی یانەکەی رایگەیاند، هەست بە دڵخۆشی دەکات کە لەگەڵ کیلیان مباپێ لە یەک یانەدا پێکەوە یاریدەکەن و دەیانەوێت دەستکەوتی باش بۆ پاریس بەدەستبهێنن.

میسی وتی: ئامانجمان ئەوەیە کە کارەکان لە میونشن بە باشی بەڕێبکەین و ئەنجامی یاریەکەمان بەرامبەر بایرن هەڵبگێڕینەوە چونکە مەبەستمانە قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ تێبپەڕێنین.

وتیشی: پێویستە بە رۆحیەتێکی بەرزەوە گەشتی میونشن بکەین هەرچەندە دەزانین یاریەکی قورسە بەڵام ئامادەین بۆ رووبەڕووبونەوەیان و توانای گۆڕینی بارودۆخەکەمان هەیە.

دەشڵێت، دەمانەوێت ئەو ئامانجانەمان بەدەستبهێنین کە سەرەتای وەرز پلانمان بۆ داناوە و لە دوایین یارییەکاندا بەتایبەت لە کلاسیکۆ بەرامبەر مارسیلیا ئاستمان زۆر باش بوو کە ئەوەش ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ یاری داهاتوو لە چامپیۆنز لیگ.

میسی دوپاتیکردەوە کە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 شێتانە بوو، ئەو کارەی مباپێ ئەنجامیدا لەو یاریەدا کە تۆمارکردنی سێ گۆڵ بوو کارێکی نایاب و سەرنجڕاکێش بوو، ئەو دەزانێت مانای نازناوی مۆندیال چییە چونکە پێشتر بەدەستیهێناوە.

رونیشیکردەوە کە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال پێشوازیەکی نایابیان لێکراوە چونکە ئەوە خەونێکی گەورەی تەمەنیان بووە کە بەدیان هێناوە و دواتریش نایابترین ئاهەنگیان لەگەڵ گەلی ئەرجەنتین گێڕاوە.

لە کۆتاییدا رایگەیاند کە لە ئێستادا هەست بە دڵخۆشیەکی زۆر دەکات چونکە لەگەڵ یانەکەی و کەش و هەوای پاریس راهاتووە و هەمان پەرۆشی رابردووی هەیە کە کاری زۆر و هەوڵدانە بۆ بردنەوەی زۆرترین نازناو لەگەڵ پاریس سان جێرمان.
خ . ک