سەردێڕ:

لەودیو پەردەی دیموکراسییەوە

PM:11:45:31/01/2025
300 جار خوێندراوەتەوە
ئیبراهیم ڕەمزى
+ -

ئەگەر یەکێک ئاگای لە دۆخی هەرێم نەبێت و بە نموونە لە دەرەوەی هەرێمەوە سەیری کەناڵەکانی دەسەڵات بکات، ئەو قەناعەتەی بۆ دروست دەبێت کە ئەم هەرێمەی ئێمە بەهەشتی سەر زەوییە و هیچ شوێنێک لە دونیادا نییە بەقەدەر ئەوێ ئەمین بێت و کەرامەتی ئینسانی تیا پارێزراو بێت. وەلێ ئەوەی روودەدات شتێکی دیکەیە.

هەر لەسەر ئەم قسانە ، رۆژنامەنووسێک هەیە لە دهۆک (دوور و نزیک من نایناسم و تا ئێستاش هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵیدا نەبووە) ناوی ئومێد بەرۆشکییە، رۆژنامەنووسێکی ئازا و بوێرە و چەندین جار دۆسیەی گەندەڵیی بەرپرسانی شارەکە و تەنانەت خودی بنەماڵەی بارزانیشی بۆ رای گشتی ئاشکرا کردووە، تا ئێرە ئاساییە چونکە لە وڵاتانی دونیادا رۆژنامەنووس کاری ئەوەیە پەردە لەسەر شتە شاراوەکان لابدات، ئەوەی ئاسایی نییە ئەو تۆمەتانەیە کە بۆ ئەم رۆژنامەنووسە داتاشراون. کاتی خۆی لەلایەن خودی بنەماڵەی بارزانییەوە لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە بادینان کە ژمارەیان لە ٨٠ کەس زیاتر بوو، دەستگیرکران، دواتر بەشێکیان سزای زینداییان بەسەردا سەپێندرا و بە تۆمەتی ناڕەوا و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی( کە لەوکاتەدا یەک بەڵگەش چییە لەسەریان نەبوو) سزادران و چەندین جاریش ماوەکەیان بۆ درێژکرایەوە. دواتر بەشێکیان ئازادکران و ئەم ئومێد بەرۆشکییەش دوای ٢١ مانگ لە زیندانیکردنی، لە ساڵی ٢٠٢٢ ئازادکرا، لەدوای ئەوەشەوە چەندین جاری دیکە دەستگیرکراوەتەوە. تا کۆتا جارییان چەند رۆژێک لەمەوبەر بوو، ئەوەی سەیرە ئەزانن چییە؟ ئەمجارە پێش ئەوەی دەستگیر بکرێت و دادگایی بکرێت، سزای شەش مانگ زیندانیی بەسەردا درا، شەش مانگ زیندانیی بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت!! تەبعەن بە ئەمری کێ؟ حاکم نا، خودی بنەماڵەی بارزانی!

جا ئەمەی باسم کرد مشتێکە لە خەرواری ئەو سەدان رۆژنامەنووسانی دیکە کە بەبێ هیچ هۆکارێک راپێچی زیندانە نهێنییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کراون بە بەرچاوی خەڵکەوە! جا خوا رەحم بەوانە بکات کە کەسوکاری خۆشیان نازانن ئێستا لە کام زیندانەن و لە کام ژوورەدا ئەشکەنجە دەدرێن! مرۆڤ ناتوانێت باس لەو ئەشکەنجە قێزەونانە بکات! بەڵام هەر کەسێکی بە ویژدان ئەگەر رۆژێک لەو هەرێمەی ئێمەدا ژیابێت، دەزانێت ئەمانە چی مەعدەنێکن و چۆن ئەشکەنجەی خەڵکی دەدەن، ئەوە ئەگەر تۆمەتی تیرۆرت بۆ دانەتاشن و وەک سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ بەبەرچاوی هاوڕێکانتەوە و بە رۆژی رووناک نەتفڕێنن و نەتکوژن!

جا ئەمە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا دۆخەکە زۆر باشتر نییە، هەر لەم رۆژانەی پێشوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە لەناو زیندانی ئاسایشی رانیە ئەشکەنجەی زیندانیکراوان دەدرێت، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش چونەتە زیندانەکە تا بەدواداچوون بکەن و بزانن ئاخۆ وایە؟ بەڵام لەوێ نەیانهێشتووە بچنە ژوورەوە و رێگرییان لێکردوون، تا دواتر بەڕێوەبەری ئاسایشی راپەڕین پێی وتوون بەڵی راستە و ئەشکەنجەی زیندانیکراوەکان دراوە! هەر ئاوا بە ئاشکرا کاکە؟ تۆزێک خاترمان ناگرن؟

دەتوانین بڵێین ئەمەش هەر مشتێکە لە خەرواری ئەو ناحەقییانەی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیشدا دەرحەق بە هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان دەکرێت، ئەوانیش دەستیان پیسە نەک هەر بە ئەشکەنجەدانی خەڵک، بەڵکو بە کوشتنی خۆپیشاندەر، هاوڵاتی و رۆژنامەنووس و منداڵی بچوکیش، هەر لە نمونەی شەهیدانی ١٧ـی شوبات، تا دەگاتە کاوە گەرمیانیی جوانەمەرگ، کە لە باوەشی دایکیدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و خەڵتانی خوێن کرا! بەڵام! بەڵام! بەڵام!، باش بزانن دونیا هەر ئاوا نابێت و چەرخی زەمانە لە دەوراندایە، عومر باقی بێت رۆژی ئێوەش دێت!!


گەلەری