سەردێڕ:

ئازادی لە بەردەم قەیرانی گەورەدایە

PM:05:01:01/08/2024
1628 جار خوێندراوەتەوە
دانیار ئەکرەم
+ -

بە شێوەیەکی گشتی ئازادی به واتای توانای خود دێت بۆ بڕیاردان لەو شتانەی تایبەتن بە خۆی، به شێوەیەک، مرۆڤ زیاد له هەڵبژاردەیەکی له بەردەستدا بێت و بتوانێت به دوور له هەموو ناچارکردنێک یەكێكيان هەڵبژێرێت، بێ ئەوەی سنووری کەسێکى ديكه ببەزێنێت، ئازادی بەرپرسیارێتییه کە پێویسته هەموو تاکێک له دەروونى خۆيدا بیدۆزێتەوە و دواتر له کردارەکانیدا رەنگ بداتەوه، نهێنی گەشەسەندنی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان بوونی کۆمەڵگایەکی ئازادە، بە پێچەوانەشەوه، نەبوونی ئازادی به واتای پاشکەوتنی وڵات دێت، چونکه نەبوونی ئازادی دەبێتە هۆی کوشتنی داهێنان و دەستپێشخەری و خنکانی رۆحی جیاوازییەكان، بەمەش نه تاک گەشه دەکات و نە کۆمەڵگەش پێش دەکەوێت، هەر بۆیە ئازادی به جەوهەری به مرۆڤایەتی دادەنرێت.

ئازادی هێندە گرنگه که هەموو ئەو شۆڕش و گۆڕانکارییانەی له مێژووی مرۆڤایەتیدا روویانداوه بۆ فەراهەمکردنی بووە، هەرچی شۆڕشی سیاسیشە، دژی دیکتاتۆری بووه بۆ به دیهێنانی دیموکراسی، شۆڕشەكەی نێڵسن ماندێلاش هەر بۆ هەمان مەبەست بوو.

له کوردستان، بەهۆی سیستەمی دیکتاتۆری دەسەڵات، ئازادی له بەردەم قەیرانێكی گەورەدایه، ئازادی تاکەکەس بوونی نییه، چونکه ئەگەر هەبێت و هەر تاکێكی کورد ئازادانه بیر بكاتەوه و داوای مافی خۆی بكات، ئەوا هەر زوو ئەندامانی خێزانەكەی لێدەكەن، خۆ ئەگەر بێت و له خێزان دەربچێت، ئەوا لە رێگەی ئەندامانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە، دووچاری ئەشكەنجە و زیندانیکردن دەبێتەوە، ئازادى سياسيش له كوردستان بوونی نییە، چونکه تیرۆرکردنی چەندین نووسەری ئازادمان بینیوه پێشتر و تا ئێستاش هەر بەردەوامە، کوردستان بۆ رزگاربوونی لەو بارودۆخەی که تێیدایەتی، پێویستی به هەبوونی کۆمەڵگایەكی ئازاده، بهدیهێنانی ئەو كۆمەڵگەیەش بە رۆژێك و دوان نابێت، بەڵكو، پێویستی به شۆڕشێكی مەدەنییە، پێویستی بە چەندین قەڵەم و دەنگی ئازاد هەيه، تاوەكو خەڵكی هۆشیار بكەنەوە و ببنه بڵێسەی شۆڕشى نوێ، شۆڕشێك، ببێتە مایەی گۆڕانكاری لە فكری هەموو تاكێك و دواتر ئەو تاکانه ببنه بنیاتنەری كۆمەڵگەیەكی ئازاد.

گەلەری