کێشەی فەرهاد پیرباڵ، چیە ؟
PM:07:24:18/08/2023
13596 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار عوسمان
+
-
ماوە ماوە دەردەکەوێت و
هەموومان نیگەراندەکات و خەتێکی تۆختر
بەژێری هەموو ئەو مەترسییانە دەهێنێت لەسەر ژیان و ئازادی و چارەنووسی هەر تاکێک
لەو کۆمەڵگایەی دەمێکە دەنگ و ڕەنگی ستەمکاری و نادادی، بەسەر هەموو لایەکەوە دێت و دەچێت .
هەروەکو چۆن چەند ساڵێک چەکهەڵگرتنی کۆمەڵیک کەس بەناوی (شۆرشەوە) زۆر گران لەسەر
ئەو خەڵک و کۆمەڵگایە کەوتەوە، لەبڕی ئەو (شۆرشەیان) خاک و خۆڵ و ئاسمانەکانیشیان
لەسەر خۆیان تاپۆکرد، بانکی دنیا نەماوە پڕی نەکەن لەپارەی ئەو خەڵکە،پایتەختی
دنیا نەماوەتەوە ریزێک ڤێلا و ئاپارتمان بەناوی کوڕ و نەوەکانیان نەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا چاومان ئەوەش دەبینێت، بەشێکی
زۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان بوون بەبەشێک لەو سیستەمی دزی و فەرهوودییە بە وەرگرتنی
خانوو و زەوی و وەرگرتنی مووچەیەکی زەبەلاح تەنانەت بەدەر لە یاسا و رێنماییە
لاستیکیەکانی خۆشیان، بوون بەبەشێک لەو سیستەمە چەتەگەرییە، ئێستا ئاسانە تێبگەیت
هەر یەک لە دێڕەکانی( زمانی حەیزەرانەوە بۆ ملازم تەحسین و شتی تریش،لەهۆتێلی
ئەوروپا بۆ قەبری سیگۆشە و حەیوانات و چەندین دەستنووسی تر....) کەم لەسەر خەڵک
نەکەوت .
پرسیارەکە ئەوەیە: شەڕی
فەرهاد پیرباڵ لەسەر چیە و بۆچیە؟! بۆچی ئەو کۆمەڵگایەی رۆژانە گیرۆدەی دەیان
هەواڵی ناخۆشە و لەگەڵ دەیان کەموکوڕی و ناخۆشی گیرۆدەیە، سەرقاڵ بکرێت بە شتێک
هیچ پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و چارەنوسیەوە نیە ؟!
ئایا شەڕی فەرهاد
پیرباڵ لە ناعەدالەتیە لە دەسەڵاتی قەزائی ؟! بە ناڕەوا جەندجارێک لە زیندانیان
ئاخنیوە ؟! چەند مەترێک نزیک لە شوێنی ژیانیدا، دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان بە چوار
ساڵ بە حوکمی قەرەقوشی خرانە زیندانی تاکە کەسییەوە، ئەو( بیرمەندەی کورد )چوار ووشەی
لەسەر نەگووتن.
لەکوێ بینیمان، ئەو پیاوە شەڕی فیکر و
فەلسەفە و ئەتککردنی ئەدەب زانست و هونەر بکات ؟! دەیان گەنج لەسەر بیروڕای جیاواز
گولـلە نرا بە دەم و سینگ و سەریان، دواکەوتووترین فەرهەنگ و ئەدەب لەم کۆمەڵگا
دەرخواردی گەنجان و لاواندرا، زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن پڕکران لە کادیری
نەخوێنەواری حزبی، هەزاران ژن و کچ خەڵتانی خوێنکران لەسەر دڵداری و نامەیەکی
خۆشەویستی، ئەو( موفەکیرەی کورد)، لەکوێی ئەو هەڵوێستانە بینراوە و هەبووە ؟
هەرچی دەزگای مەدەنی و دیموکراسی و دامەزراوەی پاراستنی شکۆی مرۆڤ هەیە، بێ بەها
کرا و کەچی ئەو شانازی دەکرد لە دیوەخانەکاندا سێڵفی لەگەڵ بەچکەکانیان دەگرت و
بەشکۆی (نەتەوەیەک) وەسفی دەکردن .
ئەو (جوانناسەی کورد) رۆژانە سەرەی شۆفێران بۆ بەنزین، ئاهوناڵەی دایکان و ژنان بۆ
تەنەکییەک ئاو، گیانلەدەستدان و بورانەوەی خانەنشینان لە وەرگرتنی مووچەکانیان،
لەرزینی مناڵان لە سەرمای زستان،....هتد نابینێ ! تا ببێتە جیگای نووسین یان
هەڵوێستی یان کارێکی ئەدەبی ؟!
لەهەموو بۆڵە بۆڵەکانی، لەهەڵوێست و نووسینەکانی، باش تێدەگەیت ئەو پیاوە خەمی
وێرانی ئەو کۆمەڵگایەی نیە بەدەستی چەند خێزانێکی فیوداڵ. خەمی چاککردنی ئەو
سیستەمەی نیە پڕە لە نایەکسانی و ناعەدالەتی و ستەم، بۆیە هەموو جارەکان لەکۆتاییدا
بەتەنها دەمێنێتەوە و دەچێتەوە شوێنی ئەسڵی خۆی لە دیوەخانەکان و بارەگاکان .