ئەو پرسیارەی موشەکەکانی ئێران دروستیان کرد
PM:09:16:18/03/2022
6452 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجی
+
-
ئاسۆ حاجی
لە دوای کاردانەوەکانی بەرامبەر موشەکبارانی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر، پرسیارەک دروست بووە کە پەیوەندی بە ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لە سەر ئاستی لێدوانی سیاسیەکان و شێوازی بڵاوکردنەوەیان لە میدیاکان دروست بووە، ئەو پرسیارە بە سەر سێ قۆناغ دابەش دەبێ، بەڵام هەرسێکیان لە خاڵێکدا یەکانگیر دەبن و وەڵامەکان وەردەگرن.
یەکەم، بەر لە موشەکبارانەکە، خۆی لە باسکردن و پێشبینی کردنی ژمارەیەک سیاسی و پەڕلەمانتار و نووسەر دەبینێتەوە، کە باسیان لەوە دەکرد هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسی گەورە دایە، مەترسیەکەشیان بە هەڵوێست و بڕیاری ئێران گرێدەدا، لە پەیووەندی بە دەرئەمجامەکانی دوای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق و چۆنیەتی بەرخوردی هێزە کوردستانیەکان لەگەڵ دەرئەنجامەی هەڵبژاردنەکان، بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە چوونی بۆ نێو هەڤالبەندیێک لە گەڵ رەوتی سەدڕ و دوو گەورە هێزی سوننە، کە بە دڵی ئێران و هێزە نزیکەکانی نیە، ئەو هێزانە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و چەند پەڕلەمانتارێکی سوننە دەبینێتەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئەو هێزانەش کە بەبێ خۆڕاگەیاندن کارنامەکەیان لەگەڵ کارنامەی ئێران لە عێڕاقدا یەک دەگرێتەوە، ئەوانەی مەترسیەکەیان لە هەڕەشەکانی ئێران گچکە دەکردەوە کە ئەگەر کورد کە زیاتر مەبەستیان پارتی بوو، نەچێتە بەرەی چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێران، ئەوە ئێران قبوڵناکا و کاردانەوەی دەبێ و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی و رەنگە هێرشی بکرێتە سەر.
دووەم، دوای راست دەرچوونی پێشبینی و لێدوانەکان، دەرچوو لێدوانەکان لە پێشبینی کردن پترن و دەکرێ بگوترێ زانیاری بوون، هەمان ئەو کەسانە بوونە هاوکار بۆ تەرویج کردن بۆ گوتاری فەرمی و میدیایی ئێران لەوەی کە ئەو شوێنەی بوردومان کراوە، ناوەندێکی ستراتیژی دەزگای هەواڵگەری ئیسڕائیلی(موساد) بووە، ئیسڕائیل ئەو ناوەندەیان بەکارهێناوە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران، بەڵام دوای هاتنی لێژنەی تایبەتی لێکۆلینەوە لە بەغدا، رایگەیاند کە ئەو ‘ناوەندە ستراتیژیە’ پڕ بووە لە یاری منداڵان و ژووری حەوانەوەی خێزانێکی سڤیل، کە پەیوەندیان بە سیاسەتەوە نیە و خەریکی بازرگانین، بەڵام ئەو کەسانە هەر بەردەوامن لە سەر پاڵپشتی کردنی گوتاری ئێران بە ئاستی فەرمی و میدیایەوە، هەروەها هەوڵدان بۆ پرسیار خستنە سەر گوتاری فەرمی هەرێمی کوردستان و گوتاری فەرمی حکومەتی فیدڕالی عێڕاق کە لە سەر ئاستی پەڕلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمار هەمان گوتاری هەرێمی کوردستانیان هەبوو.
سێیەم، ئەو کەسانەی کە پێشبینی ئەو هێرشانەیان دەکرد یان دروست بلێین لە زانیاریان لەو بارەیەوە بڵاو دەکردەوو، کە دواتریش بوونە بەشێک لە بانگەشەکردن و پاڵپشتی کردنی گوتاری لایەنی هێرشکەر، کە وڵاتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستان و عێڕاقە و تەنها مافی هاوسێیەتی هەیە، نەک مافی دەست خستنە ناو کاروباری کوردستان و عێڕاق و هێرش کردنە سەریان، و دروست کردنی دەیان گروپی چەکداری و پڕ چەکردنیان و لە رێگەیانەوە داگیرکردنی ئیرادە و بڕیاری سیاسی و دەست گرتن بە سەر ئابوری و ئایندەی عێڕاق، ئێستا باس لەوە دەکەن کە هێرشی زیاتر و توندتر بەڕێوەیە و ئێران بەوەندە ناوەستێ، ئێران قبوڵناکا هەرێمی کوردستان بڕیار لە چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتیەکانی وەرگرێ، یان بە ویستی خۆیان هەڤالبەندی لەگەڵ ئەو لایەنە بکات کە پێیان وایە بۆچوون و دونیابینیان بۆ بەڕێوەبردنی عێڕاق وەک وڵاتێکی فیدڕالی لەوان نزیکە، ئەو کەسانە هەموق ئەو شتانە دەڵێن و ژمارەیەکی زۆر لە دەزگایی میدیایی کوردستان لێدوان و قسە و گوتارەکانیان بڵاو دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا کەناڵێک پرسیارێکی لەوە کردبێ باشە ئەوانە پێشبینی و زانیاریانە لە کوێ سەرچاوەیان گرتووە، باشە پەڕلەمانتارانی کوردستان و پەڕلەمانتارانی کورد لە بەغدا چۆن ئاگاداری بڕیاری وا هەستیاری وڵاتێکی ترن! ئەدی نووسەران چۆنیان دەستیان بە زانیاری وا هەستیار و نهێنی وڵاتێکی موخابەرایەتی وەک ئێران گەیشتووە! بەڕاستی ئەوانە هەموویان بۆ من پرسیارن، هیوام دەخواست چۆن لەو دەزگا میدیاییانەی کە پێشبینی و زانیاریەکانیان بڵاو دەکردەوە و بڵاودەکەنەوە، هەوڵبدەن وەڵامی ئەو پرسیارانەی من و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی وەک منیش بدەنەوە.